دوو یانەی گەورەی ئەوروپا داوای ماتێتا دەکەن
''هێرشبەرە فەڕەنسییەکە بۆ فرۆشتن نییە''

یاریگا –
ژان فیلیپ ماتێتا گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ کریستال پاڵاس دەستپێکردووە، بەڵام چەند یانەیەکی چاودێری دەکەن.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد و یوڤێنتوس لە نزیکەوە چاودێری ماتێتا دەکەن.
ماتێتا یەکێکە لە دیارترین هێرشبەرانی پرێمەرلیگ و لە ماوەی چوار ساڵدا لەگەڵ یانەکەی باشووری لەندەن، خۆی وەکو هێرشبەرێکی ژمارەی 9ی گەورە سەلماندووە.
هێرشبەرە فەڕەنسییەکە لە دوو وەرزی رابردوودا، 36 گۆڵی بۆ پاڵاس کردووە و مانگی رابردوو جامی یەکێتیی ئینگلتەرای بەدەستهێنا.
ماتێتا لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2021 لە ماینزی ئەڵمانییەوە بەخواستن پەیوەندی بە پاڵاس کرد، دواتر بەبڕی 15 ملیۆن پاوەند، گرێبەستەکەی کرایە هەمیشەیی.
هێشتا دوو ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ کریستال ماوە و بەهای ئێستای دەگاتە 35 ملیۆن پاوەند.
تۆڕە بەریتانییەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای کریستال پاڵاس دووپاتیدەکاتەوە؛ ماتێتا بۆ فرۆشتن نییە و دەمێنێتەوە.
مانچێستەر یونایتد بەدوای هێرشبەرێکی ژمارە 9 دەگەڕێت، هەرچەندە ناوی بە ڤیکتۆر یۆکێرێش، هێرشبەری سپۆڕتینگ لیسبۆن بەستراوەتەوە، بەڵام بەهۆی بەشداری نەکردنی لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، پێناچێت هێرشبەرە سویدییەکە پەیوەندی بە یانەکەی روبن ئامۆریمەوە بکات.