هێرشبەرێکی نۆتینگهام لە ژێر چاودێری چڕ دایە و یانەکەش روونکردنەوە دەدات

تایۆ ئاوۆنیی هێرشبەری نۆتینگهام فۆرێست لە نەخۆشخانە خەوێندراوە پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەییەکی قورس بۆ ئەو یاریزانە.
تایۆ بە توندی بەر ستوونی گۆڵ کەوت لە یاریی ئەم هەفتەیەدا بەرامبەر لێیستەر و ماوەیەکی زۆر لەنێو یاریگادا چارەسەری بۆکرا، دواتر بەهۆکاری ئەوەی یانەکە هیچ گۆڕانکارییەکی نەبوو، درێژەی بە یاریکردن دا.
بی بی سی رایگەیاند ئەمڕۆ نەشتەرگەرییەکی گەدە بۆ ئەو یاریزانە ئەنجامدراوە و خراوەتە ژێر دۆخی بێ هۆشیی (کۆما) بۆ ئەوەی زووتر سوود لە چارەسەرەکان وەربگرێت. هەروەها هێشتا دۆخی تەندروستی جێگیر نیە.
هەر لەدوای ئەو رووداوە سەرۆکی نۆتینگهام ئیڤانجلس ماریناکیس هاتە نێو یاریگا و وا دەردەکەوت بە خراپیی لە نونۆ سانتۆسی راهێنەر توڕەبێت. بەڵام نۆتینگهام بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە
نۆتینگهام فۆرێست تەنها یانەیەکی تۆپی پێ نیە و ئێمە خێزانێکین. پاش پێکانەکەی تایۆ سەرۆکی یانەکە لە دڵسۆزیدا خۆی پێنەگیرا و هاتە ناو یاریگا. ئێمە تەواوی ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە گووایە لە راهێنەر یاخود هەر ستافێکی دیکە توڕەبووبێت تەنها بەهۆی بەپەرۆشی بۆ دۆخی یاریزانەکە ئەو کارەی ئەنجامداوە چونکە تەندروستی جەستەیی و دەروونی یاریزانەکان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە.
لە بەیاننامەکەی نۆتینگهام ئاماژەش بەوە کراوە کە نەدەبوو تیمی پزیشکی یانەکە بەوە رازی ببن ئەو یاریزانە بگەڕێتەوە نێو یاریگا و بەو جۆرە یارییە تەواو بکات.
نۆتینگهام لەگەڵ نونۆ سانتۆس وەرزێکی خەیاڵییان بەڕێدەکرد و نزیک بوون لە گەیشتنی راستەوخۆ بە خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپای وەرزی داهاتوو بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا یانەکە ئاستی دابەزی و لە ئێستادا لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی پریمەرلیگ دێن.