ئانتۆنی بووەتە داواکراوی سەرەکی مێرکاتۆ
پێناچێت لە بێتیس بمێنێتەوە...

یاریگا –
پێدەچێت مانگی هەنگوینی ئانتۆنی و ریال بێتیس زوو کۆتاییبێت، چونکە خەریکە یاریزانە بەڕازیلییەکە دەبێتە داواکراوی ژمارە یەک لە ئەوروپا.
ئانتۆنی لە مێرکاتۆی زستانەی رابردوودا، بە خواستن لە مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی بە بێتیس کرد و ئێستا یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی لالیگا.
یاریزانە بەڕازیلییەکە لە بێتیس دڵخۆشە، مانو فاخاردۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە چەندینجار باسی هەوڵەکانی هێشتنەوەی ئانتۆنی لە یانەکە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک یەکلایینەکراوەتەوە.
مانچێستەر یونایتد دەیەوێت دەستبەرداری ئانتۆنی ببێت، بەڵام چاوەڕێی ئۆفەرێکی گەورە دەکات، چونکە روبن ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتد نایەوێت ئانتۆنی لە یانەکەدا بمێنێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فووتبۆڵ ئێسپانا، مانچێستەر یونایتد ئامادەیە بەبڕی 40-50 ملیۆن یۆرۆ رێگە بە چوونە دەرەوەی ئانتۆنی بدات.
لە کوێ داواکراوە؟
ئاتلێتیکۆ مەدرید پرسیاری فەرمی لەبارەی دۆخی ئانتۆنی لە مان یونایتد کردووە. لەدوای کۆکردنەوەی زانیاری پێویست، بڕیارە ئاتلێتیکۆ گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان دەستپێبکات و لە هەمان کاتدا، چاویان بڕیوەتە، ئالێخاندرۆ گارناچۆ، ئەستێرەی ئەرجەنتینی.
لە سێریا ئەی، یوڤێنتوس گرنگیپێدەری سەرەکییە، بەڵام هیچ جمووجۆڵێکی فەرمی رووینەداوە. لا ڤێکیا سێنیۆرا چاوی لە گواستنەوەی یاریزانە بەڕازیلییەکە و چاوەڕێی تەواوبوونی ئەم وەرزە و گەڕانەوەی ئانتۆنی بۆ مانچێستەر دەکات.