ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

سندووقی گواستنەوەکانی ریال مەدرید؛ شۆڕشە گەورەکە دەستپێدەکات

لەم هەفتە گۆڕانکارییە گەورەکان دەستپێدەکەن...

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید وەرزێکی کارەساتبار بەڕێدەکات و لەکۆی چوار کلاسیکۆی وەرزەکە هەر چواری بە بارسێلۆنا دۆڕاند.

ریال مەدرید کۆتایی بە وەرزەکە دەهێنێت بەبێ ئەوەی هیچ نازناوێکی گەورەی وەک چامپیۆنزلیگ، لالیگا یاخود جامی شای ئیسپانیا بەدەستبهێنێت بۆیە هاوینێکی پڕ گۆڕانکاری چاوەڕوانی یانەکە دەکات.

بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی ئاتلێتیک، لەم هەفتەیە یەکەم قۆناخی گۆڕانکارییەکانی ریال مەدرید بە دوورخستنەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دەستپێدەکات. کارلۆ دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل.

گفتوگۆی مەدریدییەکان لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ بەردەوامە، کە هەینی رابردوو ئاشکرایکرد لە کۆتایی ئەم وەرزە بایەر لیڤەرکوزن جێدەهێڵێت، سەرەڕای ئەوەی تاوەکو 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە هەیە.

دۆخەکە لە مەدرید بەتەواوی ئاڵۆزە هاندەرانی یانەکە بەتەواوی لە شکستەکانی ئەم وەرزە بێزارن، بەشێک لە هاندەران لە بنکەی مەشقەکانی ڤاڵدێبیباس کۆبوونەتەوە هێرشدەکەنە سەر یاریزانانی یانەکە و تەنانەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەش دەکەن.

پاش شکستەکەی کلاسیکۆ، ئانچێلۆتی لە یەکەم لێدوانی گوتی “لەیادی نەکەن پێنج بەرگریکاری سەرەکیمان یارییان نەکرد” ئەو پەیامەش بەڕێککەوت نەبوو. ئانچێلۆتی وەک چەکێکی بەرگریکردن لەخۆی بەکاریهێنا.

لەلایەکی دیکە راهێنەرە ئیتاڵییەکە ئاماژەی بەو پێکانەنە کرد کە بە درێژایی هاوینی رابردوو تاوەکو ئێستا بەدەستی ناڵاندوییانە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ پینتوسی بەرپرسی توانای جەستەیی تیپەکە، پێشبینیش دەکرێت پینتوس لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، بەڵام هەر لە مەدرید دەمێنێتەوە و پۆستێکی دیکە وەردەگرێت.

هاوکات لێدوانەکەی کارلۆ پەیامێک بوو بۆ ئیدارەی یانەکە، چونکە بەردەوام داوای گواستنەوەی بەرگریکاری کردووە بەڵام پێرێز گوێی بە داواکەی نەداوە.

سەرچاوەیەک کە نوێنەری یاریزانێکی باڵای ریال مەدریدە، بە ئاتلێتیکی گوتووە “هەموو شتێک خەتای یانەکەیە، چونکە گرێبەستیان لەگەڵ بەرگریکاری نوێ واژۆ نەکرد”

کێشەکانی بەرگری بەڕوونی لەدوایین کلاسیکۆش دەرکەوتن، لوکاس ڤاسکێس کە لەباڵی راست یاریی دەکرد ئاستێکی کارەساتباری پێشکەشکرد.

چوارەم دۆڕانی بەدوای یەک بەرامبەر بارسێلۆنا، دەرگای گۆڕانکاری گەورە لەم هاوینە دەکاتەوە. یانەکە پلانی هاوینەی داڕشتووە و چەند هێڵێکی یاریگا نوێدەکاتەوە.

بەگوێرەی ئاتلێتیک ریال مەدرید گرێبەستی ئالێکساندەر ئاڕنۆڵدی یەکلاییکردووەتەوە، هەوڵدەدەن بەر لە دەستپێکی جامی جیهانی یانەکان گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن.

هاوکات یانەکە پلانی بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی دڵی بەرگری و بەرگریکارێکی باڵی چەپ داڕشتووە، بە ئاڕنۆڵدەوە سێ بەرگریکاری نوێ دەگوازنەوە.

هەروەها ئەگەری لە هێڵەکانی دیکەی یاریگاش گۆڕانکاری بکەن، گرێنتی نییە دەستبەرداری هیچ ئەستێرەیەکیش نەبن، بۆیە پێویستە مەدریدییەکان خۆیان بۆ هاوینێکی پڕ گۆڕانکاری ئامادە بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button