چێزنی ئەمشەو دەتوانێت ببێتە کلیلی سەرکەوتنی بارسێلۆنا؟ ئامارەکانی چی دەڵێن؟
ئامارەکانی لە جیۆزێپی میازا ئەرێنین...

یاریگا –
ئامادەبوونی چێزنی لە پێکهاتەی بارسێلۆنا بەرامبەر ئینتەرمیلان دەبێتە کلیلی کردنەوەی دەرگای سەرکەوتنی بارسێلۆنا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی گۆڵپارێزەکە لە ئیتاڵیا.
هانزی فلیک دوای بردنەوەکەی بەرامبەر ڤایادۆلید کۆتایی بە هەموو قسە و باسەکان هێنا و بە دڵنیاییەوە رایگەیاند کە چێزنی ئەمشەو لە پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنا بەرامبەر ئینتەرمیلان دەبێت و هەروەها لە یارییە چارەنووسسازەکەی یەکشەممەدا بەرامبەر ریال مەدرید یاریی دەکات.
گۆڵپارێزە پۆڵەندییە تەمەن 35 ساڵەکە ئەزموونێکیزۆری هەیە کە بتوانێت لە یاریگاکانی وەک جیۆزێپی میازا بەرامبەر فشارەکان بوەستێتەوە، بەتایبەتی کە زۆر ئاشنای یاریگاکەیە. پێشتریش لە جیۆزیپی میازا بەرامبەر ئینتەرمیلان و میلان بە گشتی 17 جار لەگەڵ ئارسیناڵ و رۆما و یوڤێنتوس یاریی کردووە. ئامارە گشتییەکانی لەم یارییانەدا ئەرێنین: هەشت بردنەوە، سێ یەکسانبوون و شەش دۆڕان.
لە رووی کلین شیتەوە بەرامبەر یانەکانی میلان سێ کلین شیتی بەرامبەر میلان و یەک دانەش بەرامبەر ئینتەر لە وەرزی 2022-2023 بە درێسی یوڤێنتوسەوە بوو لە یارییەکانی سێریا ئەی.
ئەوەی جێگای سەرنجە، نێرازۆری هەرگیز لە جیۆزێپی میازا زیاتر لە دوو گۆڵی نەکردووە، هەرچەندە قورسترین شکستیان لە یاریگاکە دەگەڕێتەوە بۆ دۆڕانی ئارسیناڵ بە ئەنجامی 4-0 لە میلان لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ لە وەرزی 2011-2012.
لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا متمانەی فلیک بە چێزنی تەنیا بڕیارێک نییە لەسەر بنەمای ئەزموون و ئامارەکان، بەڵکو ئەوە دەردەخات کە چێزنی بڕیارە لە دوو یاری زۆر گرنگدا ببێتە پارێزەری بارسا لەسەر هێڵی گۆڵ، سەرەتا ئەمشەو بەرامبەر ئینتەرمیلان لە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ و دواتر لە شەڕی ئێل کلاسیکۆ لە مۆنتجویک.
یاریگای جیۆزیێپی میازا نزیکەی 75 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت وچاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو پڕ ببیت لە هاندەر لە یارییەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا و بڕیارە زیاتر لە چوار هەزار هاندەری بارسا لە میلان پاڵپشتی تیپەکەیان بکەن، چونکە ئامانجیان ئەوەیە بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2015ەوە بگەنە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ.