
یاریگا –
بە هۆی قەیرانی دارایی و وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان، سبەی یاریزانانی ناسڕییە بەرامبەر پێشمەرگەی سلێمانی یاریی ناکەن.
لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، سێ شەممە ( 6ـی ئایاری 2025 ) ناسڕییە لە سلێمانی رووبەڕووی پێشمەرگەی سلێمانی دەبێتەو، یاریزانانی ناسڕییە بایکۆتی مەشق و راهێنانی تیپەکەیان کردووە بە هۆی وەرنەگرتنی مووچە و گرێبەستەکانیان.
سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەکە بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند کە یاریزانەکان ئامادەنین گەشت بکەن بۆ سلێمانی بە مەبەستی یارییکردن بەرامبەر پێشمەرگەی سلێمانی، بە فەرمیش یاریزانە کوردەکانی ناسڕییە بریاریانداوە نەگەڕێنەوە تیپەکە تاوەکو شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
هەر یەک لە دلێر حاتەمی گۆڵپارێز و هەردی سیامەند و هەرێم تەحسین و بارزان شێرزاد و سەفەر سلێمانی وەک یاریزانی کورد لە ریزی ناسڕییە یاریی دەکەن، بەڵام بە نزیکەیی چوار مانگ هیچ مووچە و شایستەی داراییان وەرنەگرتووە بۆیە بڕیاریانداوە نەگەڕێنەوە یانەکە.
ناسڕییە یاریی رابردووش بەرامبەر جۆلان یاریی نەکرد و 3 _ 0 بە دۆڕاو بۆی هەژمار کرا، بە 33 خاڵ ناسڕییە لە ریزبەندی 13ـەی خولی نایابی عێڕاق دێت.