کوردستان

هۆشداریەکی تووند لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە بۆ هاندەرانی یانەکان

Yariga App

یاریگا –

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان رایگەیاند هاندەری هەر یانەیەک ئاژاوە بکات یانەکەی سزا دەدرێت و خەڵاتی پێنادرێت.

بە هۆی گرنگی ئەم چەند یارییەی داهاتوو تایبەت لە یاریی پێش کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان و دوو یارییە پاشکۆکەی خولی پلە دووی کوردستان، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا دەڵێت هاندەری هەر یانەیەک ئاژاوە بکات و رێگر بێت لە بەردەم بەڕێوەچوونی یاریی، ئەو یانەیە لە کاتی مەڕاسیمدا خەڵاتی پێنادرێت و سزاش دەدرێت.

وەرزی رابردوو لە چەند یارییەک کێشەی گەورە روویدا کە بووە هۆی بەڕێوە نەچوونی مەڕاسیم لە کاتی خۆی، بۆیە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئەم هۆشداریە تووندەی بڵاوکردەوە.

راگەیەنراوی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان:

ئاشکرایە هاندەرانی کوردستان جوانی تایبەتیان بە خولەکان بەخشیوە و تەواوکەری ئامانجی پلان و بەرنامەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و یانەکانیانن، لە داهاتوودا چەند یارییەکی گرنگ بەڕێوەدەچێت، بۆیە داواتان لێدەکەین رۆڵی ئەرێنی بگێڕن و وەک هەمیشە بە شێوەیەکی شارستانی پاڵپشتی یانەکانتان بن.

لێرەوە ئاگاداری سەرجەم هاندەران ئەو یانانە دەکەینەوە کە یاری چارەنووسسازیان هەیە وەکو یاری پێش کۆتایی و یاری کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان و یارییەکانی سەرکەوتن بۆ ریزی پلە یەکی کوردستان لە خولی پلە دووی کوردستان و سەرجەم یارییەکانی تر لە خولە جیاوازەکان، هەر کەس و لایەنێک هاندەری هەر یانەیەک ببێتە هۆی شەڕ و ئاژاوە لە نێو یاریگا لە کاتی یاری دوای کۆتایی هاتنی یاریەکەش، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە مەڕاسیمەکەدا ئەو یانەیە بێبەش دەکات لە پێدانی خەڵات و سزای تووندیشی بەسەردا دەسەپێنێت و تەواوی رێنماییەکانی جێبەجێ دەکات .

 

بابەتی زیاتر

Back to top button