ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

سندووقی گواستنەوەکانی ریال مەدرید؛ ژمارەیەک ئەستێرە بەڕێدەکات و چوار یاریزان دەگوازێتەوە

تەواوی وردەکارییەکانی بازاڕی گواستنەوەی ریال مەدرید و رۆڵی ئاڵۆنسۆ لەم راپۆرتەدا بزانە

Yariga App

یاریگا –

تەنیا لە ماوەی مانگێکدا، ریال مەدرید بە دۆخێکی پڕ رووداو و نیگەرانی تێپەڕی.

یانە شاهانەکە گورزی لەدەستدانی نازناوەکانی بەرکەوت، دواتر تووڕەییەکی بێوێنە لە یانەکە روویدا، ئەمەش بەهۆی لەدەستدانی جامی شای ئیسپانیا. دوای ئەم دوو ناخۆشییە، مشتومڕی داهاتووی کارلۆ ئانچێلۆتی بووە بابەتی سەرەکی یانەکە.

خەریکە وردە وردە شتەکان رووندەبنەوە و لە دوای تەواوبوونی لالیگا، ئانچێلۆتی یانەکە جێدەهێڵێت و دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل.

تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، خەریکە بابەتی راهێنەری داهاتوو یەکلاییدەبێتەوە، سانتیاگۆ سۆلاری، بەڕێوەبەری بەشی پیشەگەری تۆپی پێی ریال مەدرید ئاگادارکراوەتەوە، تاوەکو لە مۆندیالی یانەکان سەرکردایەتی لۆس بلانکۆس بکات، لە هەمان کاتدا، هەوڵی فراوانی مەدرید بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ گەیشتووەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، تەنانەت فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە بەلایەوە گرنگە، ئاڵۆنسۆ بەر لەدەستپێکردنی پاڵەوانیەتییەکە ئەرکەکە وەربگرێت، چونکە خەڵات و پاداشتی دارایی مۆندیالی یانەکان، بۆ گەنجینەی مەدرید گرنگە.

لە ناوەندی مەشقەکانی ڤالدێبێباس، بەرپرسانی یانەکە دەڵێن؛ لە ریال مەدرید هەموو شتێک لە مانگی مایس/ئایار یەکلاییدەبنەوە، جا یەکلاییبوونەوەکە باش یان خراپ بێت. هەرکاتێک ریال مەدرید بێ نازناو وەرزەکە تەواو بکات، ئەوا دەنگی گۆڕانکاری بەرزدەبێتەوە و پێدەچێت ئەم وەرزەش وەرزی گۆڕانکاری بێت.

لەسەر بنەمای گەیشتن بە بڕوای گۆڕانکاری، پێشبینی دەکرێت ریال مەدرید هاوینێکی گەرم لەڕووی گواستنەوە و خۆڕێکخستنەوە بەڕێبکات، چونکە پێکان گورزێکی کوشندەی لە مەدرید داوە و ئیتر کێشەکە بەتەواوی چارەسەر دەکەن.

کێ بەڕێدەکات؟

دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید گفتوگۆی چڕی لەبارەی بازاڕی گواستنەوەکان کردووە، ئێستا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، جارێ دەبێ کۆمەڵێک یاریزان بەڕێبکرێن، ئینجا بیر لە گواستنەوەی یاریزانی نوێبکەنەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی رێلێڤۆ، ریال مەدرید تاوەکو پێنج یاریزان بەڕێدەکات و چوار یاریزانی نوێش دەگوازێتەوە. بەگوێرەی نەخشەڕێگای یانەکە بێت، خێسوس ڤایێخۆ، یەکەم یاریزانی لیستی فرۆشراوەکان دەبێت، ئەمەش دوای بەسەربردنی 10 ساڵ لە یانە شاهانەکە.

تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی لوکاس ڤازکێز نەدراوە، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ڤازکێز لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکان بکەن و یانەکە دەیەوێت گوێ لە کاپتنەکەیان بگرێت. هەموو ئاماژەکان رووەو جێهێشتنی یانەکەن، هەرچەندە ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێک لە نێو فایڵەکانی یانەکە سپیپۆشەکەیە.

لوکا مۆدریچ، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی بۆ جێهێشتنی سانتیاگۆ بێرنابیۆ پاڵێوراوە، بەڵام مەدرید دەیەوێت لوکا خۆی بڕیار بدات، ئەگەر حەزی بە مانەوە بێت، مەدرید ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر رێکخستنەوەی مووچەکەی بکات و گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە نوێبکاتەوە.

چارەنووسی رۆدریگۆ و دەیڤد ئالابا ناڕوونە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر ئالابا ریزەکانی مەدرید جێدەهێڵێت، چونکە مووچەکەی بەرزە. هەرچەندە فران گارسیا و فێرلاند مێندی لە لیستی خۆڵەمێشیدان، واتە نە مانەوەیان گەرەنتییە نە رۆیشتنیان، هەردوو یاریزانەکە نایانەوێت ریال جێبهێڵن، بەڵام مەدرید بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ئامادە گوێ لە ئۆفەرەکان بگرێت.

پێشبینی گفتوگۆییەکی چڕ و ماراسۆنی بۆ رۆدریگۆ دەکرێت، چونکە ئەستێرە بەڕازیلییەکە، دەیەوێت لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ قسە بکات و بزانێت رۆڵی لە پێکهاتەکەی چیدەبێت، ئینجا بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات.

چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ چاودێری دۆخی رۆدریگۆ دەکەن، مانچێستەر سیتی هەمیشەی ئارەزووی گواستنەوەی ئەستێرە بەڕازیلییەکەی کردووە، ئێستا ئارسیناڵیش چووەتە سەرهێڵ، بەڵام یانەکان دەبێ بزانن، بەهای رۆدریگۆ لە 100 ملیۆن یۆرۆوە دەستپێدەکات.

هەرچەندە قسەی زۆر لەسەر چارەنووسی ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ سعوودیە دەکرێت، بەڵام رێلێڤۆ لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری نێو یانە مەدریدییەکە دووپاتیدەکاتەوە، ڤینی خەریکە گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە.

کێ دەگوازێتەوە؟

ریال مەدرید رێککەوتنی پێشوەختەی لەگەڵ ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاری لیڤەرپوول کردووە، جیا لە ئەستێرە ئینگلیزییەکە، مەدرید بیر لە گواستنەوەی سێ یاریزانی دیکە دەکاتەوە.

ریال مەدرید هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆفایڵی بەرگریکارێکی باڵی چەپ، دڵی بەرگری و یاریساز و هێرشبەرێک دەکات، بەڵام بۆ پەسندکردنی گواستنەوەکان، هەمووی چاوەڕێی گەیشتنی ئاڵۆنسۆن.

ویلیام سالیبا، بەرگریکاری ئارسیناڵ زۆرترین داواکاری لەسەرە و جیا لەمەش، دەستەی کارگێڕی و پێرێز، متمانەیەکی زۆریان بە خوان مارتینێز و یاکۆبۆ رامۆن (بەرگریکارانی لاو) هەیە، هەروەها سەرنجییان لەسەر گەڕانەوەی نیکۆ پازە.

گواستنەوەی هێرشبەرێکی دیکە، بە چارەنووسی رۆدریگۆ بەندە. لە ریال مەدرید بڕوایەکی نوێ پەیدابووە، ئەگەر بڕیاری گواستنەوەی هێرشبەرێک بدەن، دەبێ ستایڵی یارییکردنی هاوشێوەی خۆسێلو بێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button