
یاریگا –
یاریزانێکی پێشووی بارسێلۆنا ئەزموونێکی نوێی کاری راهێنەرایەتی تاقیدەکاتەوە.
ئاردا تورانی تورکی، کە ماوەی 2015-2020 درێسی بارسای پۆشی، ئەنجامەکانی لەگەڵ یانەی ئەیوب سپۆرتی وڵاتەکەی سەرنجی یانەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتەی بۆ لای خۆی راکێشاوە.
ئاردا کە لەوەتەی ساڵی 2023 لە یەکەم ئەزموونی راهێنەرایەتی خۆیدا پۆستەکەی لە ئەیوب سپۆرت وەرگرت، ساڵێک دواتر توانی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیاندا یانەکە سەربخات بۆ سوپەرلیگی تورکی و ئەم وەرزەش لە پلەی شەشەم دێن و شەڕی بەدەستهێنانی بلیتی پاڵەوانێتیەکی ئەوروپی دەکەن.
بەگوێزەی زانیارییەکانی یاگیز سابونچۆگلوی رۆژنامەنووسی تورکی، لە ماوەی رابردوودا بەرپرسانی یانەی شاختاری ئۆکراینی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەگەڵ ئاردا توران قسەیان کردووە بۆ پێدانی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەیان بە ناوبراو.
رۆژنامەنووسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەردوولا زۆر نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پۆستەکە.
ÖZEL | Shakhtar Donetsk yetkilileri Arda Turan ile Londra’da bir araya geldi ve taraflar arasındaki resmi görüşmeler yeniden başladı. Taraflar anlaşmaya yakın!
— Yağız Sabuncuoğlu (@yagosabuncuoglu) May 4, 2025
شاختار کە زۆرجار وەک نوێنەری ئۆکراینیەکان بەشداربووە لە چامپیۆنزلیگ، ئەم وەرزە بەخراپیی خولی ئۆکراینا بەڕێدەکات و پێش تەنها سێ هەفتە لە کۆتاییهاتنی وەرزەکە، لە پلەی سێیەم دێت بە جیاوازیی شەش خاڵ لە ئالیکساندەریا بۆ گەیشتن بە یۆرۆپالیگ.