توێژینەوەیەک؛ هاندەرانی لیڤەرپوول بوومەلەرزەی راستەقینەیان دروستکردووە
گۆڵەکەی ماک ئالیستەر بوومەلەرزەی راستەقینەی لە شاری لیڤەرپوول دروستکردووە

یاریگا –
ئاهەنگگێڕانی سەرشێتانەی هاندەرانی لیڤەرپوول دوای بردنەوەیان لە تۆتنهام هۆستپێر و یەکلاییکردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ، زنجیرەیەک لەرینەوەی زەوی دروستکرد.
کەتیبەکەی ئارنە سڵۆت، 20مین نازناوی پرێمەرلیگیان لە مێژوودا بردەوە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو 5-1 لە تۆتنهامیان بردەوە.
دوای گۆڵەکەی ئەلێکسیس ماک ئالیستەر لە خوولەکی 24ی یارییەکەدا، چەند لەرینەوەیەکی زەوی بە پێوەری رێختەر تۆمارکراون کە بەرزترینیان گەیشتووەتە 1.74 پلەی رێختەر.


چەند زانایەکی زەویناسی زانکۆی لیڤەرپوول، داتاکانیان بە ئامێرای جیاوازی هەستپێکردنی بوومەلەرزە تۆمارکردووە.
کالووم هاریسن، زانای بوومەلەرزەناسی دەزگای رووپێوی جیۆلۆجی بەریتانیا دووپاتیدەکاتەوە، ئەو زەمین لەرزانەی هاندەران هەستیانپێکردووە، بە ئامێری تایبەت و هەستیار پێوراون.
پێشتر نیشانەکانی بوومەلەرزەی بەم قەبارەیە لە چەندین کۆنسێرت و یاریی وەرزشیدا تۆمارکراون، لە نێویاندا کۆنسێرتی تایلەر سویفت، کە ساڵی رابردوو کرا.
دەکرێت وزەی دەرچووی ئەم بۆنە و رووداوانە بە بوومەلەرزەی بچووک بەراورد بکرێت، ئەم جۆرە زەمین لەرزەیە لە ئەنجامی بازدان و سەمای هاندەران دروستدەبێت، نەک لە ئەنجامی زەمین لەرزەیەکی راستەقینە.
ئانتوان سێپتیەر، فەرناز کامرانزاد، پڕۆفیسۆر بێن ئێدواردس لە بەشی زانستەکانی زەوی، ئۆقیانۆس و ژینگەی زانکۆی لیڤەرپوول بە هاوبەشی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول توێژینەوەکەیان کردووە. پڕۆفیسۆر بێن ئێدواردز لەبارەی رووداوەکە دەڵێت؛
هاوشێوەی بوومەلەرزەی سرووشتی، گۆڵەکانی یارییەکە لەرینەی زەوی لەناکاوی دروستکردووە، ئەمەش بووە هۆی خرۆشاندنی زیاتری هاندەرانی لیڤەرپوول.

بەگوێرەی داتاکان بێت، زیاتر لە 60 هەزار هاندەر پێکەوە بازیاندا و زەمین لەرزەیان لە یاریگاکە دروستکرد، بە تایبەت لەگەڵ گۆڵی دووەمی یارییەکە.
زەمین لەرزەی دووەم لە دوای گۆڵەکەی محەمەد سەڵاح و ئاهەنگگێڕانی نێو هاندەران بەپلەی 1.60 رێختەر تۆمارکرا. کەچی دوای گۆڵەکەی کۆدی خاکپۆ، زەمین لەرزەیەک بەپلەی 1.03 رێختەر تۆمارکراوە.