ئینتەر میلان و بارسێلۆنا بۆ یاریی گەڕانەوە گورزی گەورەیان بەردەکەوێت
دوو یاریزان لەدەستدەدەن...

یاریگا –
ئینتەر میلان و بارسێلۆنا بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، دوو ئەستێرە لەدەستدەدەن.
شەوی رابردوو 30ـی نیسان، لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بارسێلۆنا لە یاریگای مۆنجویک میوانداری ئینتەر میلانی کرد و یارییەکە 3-3 بە یەکسانبوون کۆتایی هات.
بەڵام لە خولەکی 42ـی یارییەکە گورزێکی گەورە بەر بارسێلۆنا کەوت و ژووڵ کوندێ بەهۆی پێکان لە رانیدا یاریگای جێهێشت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسی رۆژنامەی سپۆرت تۆنی خوان مارتی، کوندێ بەهۆی پێکانەکەی شەوی رابردوو لە سێ یاریی داهاتووی بارسێلۆنا بێبەش دەبێت، بۆی یاریی گەڕانەوە بەرامبەر ئینتەر یاریی ناکات و لە کلاسیکۆش بێبەش دەبێت.
هاوکات لە کۆتا خولەکەکانی گێمی یەکەمی یارییەکە لاوتارۆ مارتینێزی ئەرجەنتینی و هێرشبەری ئینتەر میلان تووشی پێکان بوو، لەسەرەتای گێمی دووەم نەگەڕایەوە یاریگا و بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت.
پاش یارییەکە سیمیۆنی ئینزاگی راهێنەری ئینتەر میلان ئاشکرایکرد، کە پێکانەکەی لاوتارۆ سوک نییە و ئەستەمە بتوانێت بەشداریی یاریی گەڕانەوە بکات.
سێشەممەی داهاتوو 6ـی ئایار، ئینتەر میلان لە یاریی گەڕانەوە لە یاریگای جیوزێپی میازا میوانداری بارسێلۆنا دەکات.