پێشبینی کۆمپیوتەرە زیرەکەکەی ئۆپتا: ئارسیناڵ دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ
ئارسیناڵ زۆرترین چانسی بۆ بەدەستهێنانی جامە گوێچکەدارەکە هەیە

یاریگا –
پێگەی جیهانیی ئۆپتا پێشبینی دەکات ئارسیناڵ نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کۆمپیوتەرە زیرەکەکەی ئۆپتا، گەنەرز لەنێو چوار یانەکەی قۆناخی پێش کۆتایی زۆرترین چانسی هەیە.
پێگەی ئۆپتا کە تایبەتە بە کۆکردنەوە و شرۆڤەکردنی ئامارە وەرزشییەکان، بە شرۆڤەکردن و لێکدانەوەی ئامارەکان، چانسی هەر چوار یانەکەی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگی دەستنیشان کردووە، سوپەر کۆمپیوتەرەکەی ئۆپتا پێشبینی دەکات بە رێژەی ٪31.3 ئارسیناڵ دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ.
𝐖𝐡𝐨 𝐖𝐢𝐥𝐥 𝐖𝐢𝐧 𝐭𝐡𝐞 𝐂𝐡𝐚𝐦𝐩𝐢𝐨𝐧𝐬 𝐋𝐞𝐚𝐠𝐮𝐞? 🏆
Who are the favourites to lift the 2024-25 UEFA Champions League trophy?
Here are the current Opta supercomputer projections heading into the semi-finals this week…
— Opta Analyst (@OptaAnalyst) April 28, 2025
بەگوێرەی پێشبینییەکەی ئۆپتا، چانسی بارسێلۆنا بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ ٪27.4ـە و چانسی پاریس سانجێرمانیش ٪22ـە، ئینتەر میلانیش کەمترین چانسی هەیە بۆ ئەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە و تەنیا ٪19.2 چانسی هەیە.
ئەم هەفتەیە یارییەکانی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکرێن، سبەی سێشەممە ئارسیناڵ لە لەندەن میوانداریی پاریس سانجێرمان دەکات و رۆژی چوارشەممە بارسێلۆنا لە کەتەلۆنیا میوانداریی ئینتەر میلان دەکات، هەفتەی داهاتوو یارییەکانی گەڕانەوە دەکرێن و رۆژی 31ـی مایۆ/ئایار یاریی کۆتایی لە یاریگای ئالیانز ئارینا لە میونشن دەکرێت.
ئارسیناڵ و پاریس سانجێرمان هەرگیز نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەست نەهێناوە، بارسێلۆنا پێنج جار و ئینتەر میلانیش سێ جار بوونەتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.