
یاریگا –
سێ رۆژ بەر لە کلاسیکۆ، ریال مەدرید بەهۆی پێکان دوو ئەستێرەی دیکەی لەدەستدا.
شەوی رابردوو 23ـی نیسان، لە یارییەکانی گەڕی 33ـی لالیگا ریال مەدرید بووە میوانی خێتافی و 1-0 یارییەکەی بردەوە.
بەڵام مێرێنگی گورزێکی کوشندەی بەرکەوت و لە سەرەتای گێمی دووەم دەیڤد ئالابا بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت و ئێدواردۆ کاماڤینگا چووە شوێنی، بەڵام لە کۆتایی یارییەکە کاماڤینگاش تووشی پێکان بوو و یاریگای جێهێشت.
پاش یارییەکە کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکە پشتڕاستیکردەوە، کە ئالابا و کاماڤینگا تووشی پێکان بوون و بەوهۆیەش بەشداریی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ناکەن.
راهێنەرە ئیتاڵییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی پێکانی ئەو دوو یاریزانە بڕیاریداوە لە کلاسیکۆ پشت بە تواناکانی فران گارسیا ببەستێت.
هاوکات رۆژنامەنووسی ئێل چێرێنگویتۆ خۆسێ لویس سانچێز بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید هیوای بە گەڕانەوەی فێرلاند مێندی فەڕەنسی هەیە و لەوبڕوایەدان مێندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا ئامادە دەبێت.
شەممەی داهاتوو 26ـی نیسان کاتژمێر 23:00 بەکاتی هەولێر ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریگای لا کارتوخا لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕوودەبنەوە.