یوێفا بە سێ گۆڕانکاری نوێ لە چامپیۆنزلیگ هەرا دەنێتەوە

یاریگا –
لەم دواییانەدا چامپیۆنزلیگ گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە، بەڵام یوێفا پلانی بۆ شۆڕشی داهاتوو دادەڕێژێت.
لەم وەرزەدا قۆناخی کۆمەڵەکان بە 36 تیپ لەبری 32 تیپ، هەروەها بە سیستەمێکی هاوشێوەی خول لەبری گروپ بەرێوە چوو. بەڵام یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بیر لە چاکسازی دەکات بۆ وەرزی داهاتوو، کۆکردنەوەی هەڵسەنگاندن لە یانەکانەوە، کە دەتوانێت شێوازی رکابەرییەکان بگۆڕێت.
بە گوێڕەی راپۆرتێکی رۆژنامەی سپۆرتبیڵد، لەم گفتوگۆیانەدا سێ گۆڕانکاری نوێ تاووتوێی لەسەرکراوە.
یەکەم: پرسی میوانداریکردنی یارییەکان. لە وەشانی ئەمجارەدا 8 تیپ راستەوخۆ بۆ قۆناخی 16 سەکەوتن و تەنیا لە یاریی گەڕانەوە میوانداری یارییەکان بوون. پێشنیاری نوێ بریتییە لە درێژکردنەوەی ئەم شیوازەیە بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی و قۆناغی پێش کۆتایی. ئەمەش بۆ تیپەکانی وەک ئارسیناڵ گرنگە، کە لە قۆناخی خولەدا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا بەڵام ناچاربوو لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا لە یاریگای سانتانگۆ بەرامبەر ریال مەدریدی پلە 11ـیەم یاری گەڕانەوە بکات.
هەروەها لە قۆناخی پێش کۆتاییدا پاریس سانجێرمان کە پلەی 15ـیەمی خول بوو میوانداری یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر ئارسیناڵ دەکات. ئەم نایەکسانییە وایکردووە تیپەکانی وەک ئارسیناڵ پاڵپشتی گۆڕانکارییەکە بکەن، چونکە پێیان وایە تیپە سەرەکییەکانی قۆناخی خولەکە دەبێت پاداشتی زیاتر وەربگرن. هەرچەندە ئارسیناڵ لە یاری گەڕانەوەدا بەرامبەر ریال سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام نەبوونی یاری لە یاریگای خۆیدا لە قۆناخی پێش کۆتاییدا هێشتا مەترسی سەرنەکەتنیانی هەبوو.
پرسی دووەم پێداچوونەوەیە بەو یاسایانەی کە کێبڕکێی نێوان تیپەکانی هەمان وڵات لە قۆناخی کۆتاییدا بەڕێوەدەبەن. ئیستا تیپەکانی یەک وڵات دەتوانن لە قۆناخی 16 لە دوای قۆناخی خول رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، وەک بایەر لیڤەرکوزن و بایرن میونشن. ئەم یارییانە کەمتر سەرنجڕاکێشن بۆ هاندەران و دەتوانن پێشبڕکێ ناوخۆییەکان زۆر دووبارە بکەنەوە. پێشنیار کراوە بۆ زیندووکردنەوەی یاسا کۆنەکەی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا کە رێگری دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی تیپەکانی یەک وڵات تا قۆناخی چارەکی کۆتایی. ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت جۆراوجۆری و سەرنجڕاکێشی قۆناخەکانی کۆتایی زیاد بکات.
گۆڕانکاریی سێیەم بریتیه له نەهێشتنی کاتی زیادکراوی 30 خولەک لە یارییەکان لە ئەگەری یەکسان بوون و یەکسەر جێبەجێ کردنی لێدانی سزا. ئەم هەموارکردنە ئامانجی کەمکردنەوەی فشاری جەستەییە لەسەر یاریزانان، چونکە خشتەی توندی پاڵەوانێتیەکان بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تیپەکان بارگرانییەکی قورس دەخاتە سەر یاریزانان.
پێشنیارەکان لەلایەن لیژنەی پێشبڕکێی یانەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپاوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت، کە فێرناندۆ کارۆی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بایەر لیڤەرکوزن ئەندامی ئەو لیژنەیە.
لیژنەکە لە 30ی ئایار لە شاری میونشن کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو گۆڕانکاریانە. ئەم چاکسازییانە دەتوانن چامپیۆنزلیگ دادپەروەرتر و سەرنجڕاکێشتر بکەن و بەگوێرەی پێداویستی یاریزانان و هاندەران بگونجێت، بەڵام سەرکەوتنیان پەیوەستە بە رێککەوتنی یوفا و یانەکانەوە. دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین ئایا ئەم گۆڕانکاریانە جێببەجێ دەکرێن یاخود نا.