
یاریگا –
سزایەکەی مەسعود میرال بۆ یارییەک کەمکرایەوە و لە یاریی داهاتووی دهۆک لەسەر هێڵی یاریگا دەبێت.
سزایەکەی مەسعود میرال راهێنەری یانەی دهۆک بۆ یارییەک و دوو ملیۆن دینار کەمکرایەوە، کە بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی لە یاریی بەرامبەر زاخۆ بۆ دوو یاریی سڕکرابوو، بە پێبژاردنی پێنج ملیۆن دینار سزادرابوو.
دوای ئەوەی یانەی دهۆک تانەی لە بڕیارەکەی لێژنەی تەمبێکردن دا، لێژنەی تێهەڵچوونەوە بڕیاریدا سزایەکەی راهێنەری دهۆک بۆ یارییەک کەم بکاتەوە، کە لە یاریی رابردووی یانەکەی بەرامبەر حدوود لەسەر پەیژەکانی یاریگاوە سەیری یارییەکەی دەکرد، دوای کەمکرانەوەی سزایەکەی، مەسعود میرال لە یاریی داهاتوو بەرامبەر کارەبا لەسەر هێڵی یاریگا دەوەستێت، کە رۆژی چوارشەممە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەیەک دەگەن.
جگە لە کەمکرانەوەی سزای راهێنەرەکەی، سزای دارایی سەر یانەی دهۆکیش کەمکرایەوە، پێشتر بە پێبژاردنی 25 ملیۆن دینار سزادرابوو، سزایەکەی بۆ 10 ملیۆن دینار کەمکرایەوە.