
یاریگا –
ریال مەدرید بە بردنەوە لە ئاتلێتیک بیلباو هاندەرەکانی ئاشتکردەوە دوای کرانەدەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگ لە چارەکی کۆتایی لەسەردەستی ئارسیناڵ.
سێ خاڵەکە بۆ ریال ئاسان دەستنەکەوت، بەوپێیەی تا خولەکی 3+90 و مووشەکێکی ڤاڵڤێردی تیمەکەی لە یەکسانبوون و ئانچێلۆتیشی لە دوورخستنەوەی راستەوخۆ رزگارکرد. لەو یارییەی کە تێیدا مەدریدیەکان لە تواناکانی کیلیان ئێمباپێ بێبەشبوون بەهۆی سزای رگرتنەکەیەوە.
گۆڵەکەی ڤاڵڤێردی:
ڤیدیۆ: گۆڵە نایابەکەی ڤالڤێردی – Yariga
بەگوێرەی ئامارێک کە تۆڕی هەواڵی ESPNی وەرزشی بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بەبێ ئەستێرە فەڕەنسییەکە ئەنجامەکانیان لە سەرجەم پاڵەوانێتیەکاندا دووربووە لە دۆڕان.
وەک تۆڕەکە بڵاویکردووەتەوە، لە هەرسێ خول و پاڵەوانێتیەکانی وەک لالیگا، چامپیۆنزلیگ و جامی شا، مەدریدیەکان هەر یارییەکیان بەبێ ئێمباپێ ئەنجامدابێت، تامی شکستیان نەکردووە.
بە خستنەڕووی ژمارەکان، ئی ئێس پی ئێن نووسیویەتی بە نەبوونی ئێمباپێ لە پێنج یاریی سەرجەم ئەو خول و پاڵەوانێتیانەدا شاهانەکان 3 بردنەوە، 2 یەکسانبوون و 0 دۆڕان لە یارییەکان هاتوونەتەدەرەوە.
کیلیان کە یەکەم وەرزێتی لەگەڵ ریال، بەو هیوایە هێنرایە سانتیاگۆ بێرنابیۆ تا یانەکە لە کێبڕکێ گەورەکاندا رکابەرێکی هەمیشەیی بێت. بەڵام لە چامپیۆنزلیگ کرانەدەرەوە و لە خولی ئیسپانیش چوار خاڵ لە بارسێلۆنای رکابەریانەوە دوورن.
لەم وەرزە لە 49 یارییدا توانیویەتی 32 گۆڵ و 4 ئەسێست بکات. کەچی چەندجارێک کەوتووەتەبەر فیکەی نارەزایەتی هاندەرانی مێرێنگی.