
یاریگا –
بارسێلۆنا، بەهۆی کەمی مەودای نێوان یارییەکانیان و ئەو فشارەی کە لەسەر یاریزانەکان دروستبووە بە نیازە سکاڵایەکی فەرمی تۆمار بکات.
هانزی فلیک، بەر لە یارییەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ ناڕەزایەتی دەربڕی، و یانەی بارسێلۆناش گلەیییان لە خشتەی یارییەکان کردووە کە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندییە بازرگانییەکان بەڵام بەرژەوەندی وەرزشی تیپێک لەبەرچاو ناگرێت کە لە هەموو پاڵەوانێتییەکان ئامادەیە. ناڕازیبوونەکە ئەوەندە زۆرە کە بارسا بەنیازە سکاڵایەکی فەرمی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆمار بکات.
ئەو پرسەی کە وایکرد فلیک توڕەیی خۆی دەرببڕێت و بووە هۆی گۆڕینی کاتی یارییەکەی لالیگا بەرامبەر ڤایادۆلید کە چەند رۆژێک پێش یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگە بەرامبەر ئینتەرمیلان و کاتەکەی گۆڕانکاری پێکرا بۆ ئەوەی پشوویەکی زیاتر بە بارسا بدرێت. لەکاتێکدا پێشتر بڕیار بوو پاشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت لە 4ی ئایار، بەڵام ئێستا 3ـی ئایار کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەولێر یارییەکە دەکرێت.
بارسا هۆکارێکی باشی هەیە بۆ گلەیی لە نەبوونی کاتی ئامادەکاری پێش یارییەکانی چامپیۆنزلیگ. لە دوو یاری یەکەمی بەرامبەر مۆناکۆ و یانگ بۆیز، نزیکەی چوار رۆژ پشووی هەبوو. بەڵام دواتر قەیرانەکە دەستی پێکرد. تەنها 70 کاتژمێر و 15 خولەک لە نێوان یارییەکانی لالیگا و خولی یانە پاڵەوانان پشوو دەدات.
𝗖𝗼𝗺𝘂𝗻𝗶𝗰𝗮𝘁 𝗱𝗲𝗹 𝗙𝗖 𝗕𝗮𝗿𝗰𝗲𝗹𝗼𝗻𝗮https://t.co/RMySJ5Tf5Y
— FC Barcelona (@FCBarcelona_cat) April 19, 2025
یانەکە سەبارەت بە سکاڵاکەیان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە تێیایدا نووسراوە:
یانەی بارسێلۆنا لەم وەرزەدا ناکۆکی خۆی دەربڕیوە لەگەڵ ئەو پێوەرانەی کە لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا (RFEF) سەبارەت بە بەروار و کاتی دەستپێکردنی یارییەکانی تیپی یەکەم دایانناوە.
ئێمە بڕوامان وایە، وەک لە رۆژی هەینیدا لەلایەن راهێنەرەکەمانەوە ئاماژەی پێکرا و پشتگیری تەواویدەکەین، دەستەی بەڕێوەبەری تۆپی پێی ئیسپانیا دەبێت زیاتر دۆخی تیپەکانی وەک ئێمە لەبەرچاو بگرن، کە بەشداری لە هەر سێ پاڵەوانەتییەکەدا دەکەن و لە قۆناخەکانی کۆتایی پاڵەوانەتییەکاندان.
یانەی بارسێلۆنا لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر دەستەکانی تۆپی پێی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت، تاوەکو خشتەی یارییەکانمان رێکخراوتر بێت.
بارسێلۆنا سکاڵایەکی فەرمی ئاڕاستەی لایەنەکانی پەیوەندیدار دەکات، تاوەکو خۆی لە دۆخی هاوشێوەی بپارێزێت و زیان بەر یاریزانانی تۆپی پێ نەکەوێت.