عێراقگرنگترین

عەدنان درجال لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەسەر نەیارەکانیدا سەرکەوت

راپۆرتی دارایی و کارگێڕی و بودجەی فیدراسیۆنەکە پەسەند کران

Yariga App

یاریگا –

عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە گەڕێکی دیکەی ململانێی لەگەڵ نەیارەکانی لەنێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، سەرکەوتنی بەدەستهێنا و راپۆرتی دارایی و کارگێڕی پەسەند کران و دەنگ بە بودجەی داهاتووی فیدراسیۆنەکەش درا.

ئەمڕۆ شەممە (19ـی ئەپرێل/نیسانی 2025) کۆبوونەوەی دەستەی گشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، لەکۆی 55 ئەندامی دەستەی گشتی 39 ئەندام ئامادەبوون، گەرچی سەرەتا وابڕیاربوو کاتژمێر 11:00 کۆبوونەوەکە بکرێت، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی ئامادەبوو، کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ دواخرا.

لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتی دەنگ بە راپۆرتی دارایی و کارگێڕی ساڵانی 2023 و 2024 درا و دەنگیش بە بودجەی ساڵی داهاتووی فیدراسیۆنەکە درا، کە نەیارانی عەدنان درجال گرەویان لەسەر پەسەند نەکردنی ئەو دوو راپۆرتە دەکرد.

Image

پێنج مانگ بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ماوە، کە نزیکەی چوار ساڵە عەدنان درجال سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکە دەکات و لە رۆژانی رابردوو لە میدیاکانی عێراق دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەهۆی سکاڵایەکی ناوەندی چارەسەرکردن و دادگای وەرزشییەوە هەڵبوەشێنرێتەوە و دەستەیەکی کاتی دابنرێت.

لە هەرێمی کوردستان، هەریەکە لە لقی تۆپی پێی شارەکانی دهۆک و هەولێر و کەرکووک ئامادەبوون، بەڵام لقی سلێمانی ئامادە نەبوو، یانەکانی زاخۆ و نەورۆز و پێشمەرگەی سلێمانی ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، تەنیا یانەی دهۆک ئامادە بوو، یانەی هەولێریش لەبەر ئەوەی لەلایەن دەستەیەکی کاتی بەڕێوە دەبرێت مافی بەشداریکردنی نەبوو.

پێشتر فیفا بە نووسراوی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی ئاگادار کردبووەوە، تەنیا دەستەی گشتی دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی فیدراسیۆنەکەی هەیە و رەتیکردبووەوە ناوەندی چارەسەرکردن و دادگای وەرزشی ئەو دەسەڵاتەی هەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button