ریال مەدرید تاوەکوو ئێستا چارەنووسی کاپتنەکانی یەکلایی نەکردوەتەوە

یاریگا –
تا ئێستا ریال مەدرید هیچ زانیارییەکی لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستی لۆکاس ڤاسکێز و لۆکا مۆدریچ نەداوە و چارەنووسی کاپتنەکانی مەدرید نادیارە.
کاتی بڕیاردان نزیک دەبێتەوە، هەموو شتێک لە نێوان بەڕێوەبەری کاری یاریزانەکان و کارگێڕی یانەکان یەکلایی دەبێتەوە. هەندێکیان هەوڵدەدەن جێگەی بریکارەکانیان بەهێزتر بکەن و بەدوای یانەی نوێدا دەگەڕێن، هەندێکی دیکەش هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستا دەکەن.
یەکەم پرس کە ریال مەدرید دەبێت زووتر لە وادەی دیاریکراو چارەسەری بکات، دۆخی ئەو یاریزانانەیە کە گرێبەستەکانیان لە 30ی تەمموز کۆتایی دێت، ئەوانیش لوکاس ڤازکوێز و لۆکا مۆدریچن. هەردووکیان و بەتایبەتی یاریزانە کرواتییەکە ساڵانێکە لەگەڵ تیپەکەدان و گەیشتوونەتە ئەو تەمەنەی کە ساڵانە گرێبەستییان نوێ دەکرێتەوە.
لەم گرێبەستانەدا کە ساڵ لە دوای ساڵ واژۆ دەکرێن، هەمیشە وادەیەک دیاری دەکرێت کە تیایدا یانەکە دەبێت یاریزانەکە ئاگادار بکاتەوە کە ئایا بەنیازە گرێبەستەکە درێژ بکاتەوە یان نا. کۆتایی مانگی نیسان یان سەرەتای مانگی ئایار ئەو بەروارەیە کە بەزۆری بۆ ناردنی ئەم پەیامە بەکاردەهێنرێت و رۆژنامەی مارکا رایگەیاندووە کە یانەکە تاوەکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی بەو ئاراستەیە نەکردووە.
🚨 NEW: Luka Modrić & Lucas Vázquez are yet to receive ANY news about a renewal.
Both players want to stay, but they know it’s VERY complicated. @jfelixdiaz pic.twitter.com/GX5buf39HL
— Madrid Xtra (@MadridXtra) April 18, 2025
ڤاسکێز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مووڤی ستار، راستەوخۆ دوای یارییەکەی بەرامبەر ئارسیناڵ بارودۆخی خۆی روونکردەوە. پەیامێکی سوپاسگوزاری بۆ هاندەران نارد کە بووە هۆی لێکدانەوە جۆراوجۆرەکان، بەڵام راستییەکە ئەوەیە تا ئەمڕۆ نە ئەو و نە مۆدریچ هیچ زانیاری و ئۆفەرێکیان پێنەگەیشتووە کە بنەمای گرێبەستێکی نوێ پێکبهێنێت.
ئەم وەرزە بەراورد ناکرێت بە هیچ کام لە وەرزەکانی پێشوو، جگە لە وەرزی 2019-2020 کە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە جیاواز بوو وگرێبەستەکان درەنگتر نوێ کرانەوە. ئێستا کە مێرەنگی جامی جیهانی یانەکانی لە پێشە، فیفا بژاردەی (بێگومان ئەگەر رازیبن) بە یاریزانان داوە کە گرێبەستەکانیان بۆ ماوەی مانگێک درێژ بکەنەوە بۆ ئەوەی مافی یاسایی بۆ ئەو یاریزان و بەڕێوەبەرانە دابین بکەن (جگە لە ئەنچیلۆتی) کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانیان تەواو دەبێت.
هەردوو یاریزانەکە دڵخۆش دەبن بە مانەوەیان لە یانەکەدا، ئەمەش شتێکە مۆدریچ پێشتر بە ئاشکرا دانی پێدا ناوە، بەڵام دەزانن درێژکردنەوەی گرێبەستەکانیان زۆر ئاڵۆزە. قەتەریەکان ئۆفەریان بۆ یاریزانە کرواتییەکە ناردووە و بە زووترین کات دەبێت بیر لە داهاتووی خۆیان بکەنەوە.