راپۆرتی تایبەت؛ جیاواز لە هەموو یانەکانی دیکە قەیرانێکی نامۆ بەرۆکی ریال مەدریدی گرتووە
راپۆرتێکی تێروتەسەل؛ هەموو وردەکارییەکان بزانە..

یاریگا –
ماوەی دوو وەرزە قەیرانی لەدەستدانی لێدانە سزاکان بەرۆکی ریال مەدریدی گرتووە و یانەکەی خستووەتە دۆخێکی سەخت.
هاوینی 2023 کەریم بێنزێما دوای 14 وەرز لە پۆشینی درێسی ریال مەدرید ماڵئاوایی لە یانەکە کرد و بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بە ئیتیحادی سعوودی کرد.
رۆیشتنی بێنزێما جیا لەوەی لەڕووی هێرشبەریی و نەبوونی سەرەڕمێکی لێهاتوو کێشەی بۆ یانەکە دروستکردووە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی بەفیڕۆدانی لێدانە سزاکەن و دوو وەرزە یانەکە بەدەست ئەو قەیرانە دەناڵێنێت.

ریال مەدرید لەم وەرزە 15 پێناڵتی بۆ هەژمارکراوە، بەڵام تەنیا 10 دانەی گۆڵکردووە و 5 پێناڵتی بەفیڕۆداوە. واتا یاریزانانی ریال مەدرید لەم وەرزە بەرێژەی 66.7 % پێناڵتییەکانیان گۆڵ کردووە.
کیلیان ئێمباپێ | 8 پێناڵتی | 6 گۆڵ | 2 لەدەستدان | %75ـی گۆڵ کردووە |
ڤینیسیۆس جونیۆر | 5 پێناڵتی | 3 گۆڵ | 2 لەدەستدان | %60ـی گۆڵ کردووە |
جود بێڵینگهام | 2 پێناڵتی | 1 گۆڵ | 1 لەدەستدان | %50ـی گۆڵ کردووە |
لەدەستدانی لێدانە سزاکان راستەوخۆ کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئەنجامی یارییەکان هەبووە، ڤینی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ گۆڵی نەکرد، ریال مەدرید لەکاتی ئاسایی یارییەکەی دۆڕاند و بەلێدانی یەکلاکەرەوە بردییەوە، بەرامبەر ڤاڵێنسیاش گۆڵی نەکرد و ریال مەدرید لەکاتێکی هەستیار سێ خاڵی چارەنووسسازی لەدەستدا.
کیلیان ئێمباپێ بەرامبەر لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگ گۆڵی نەکرد و ریال مەدرید یارییەکەی دۆڕاند، بەرامبەر ئاتلێتئک بیلباویش لە لالیگا دووبارە پێناڵتی گۆڵ نەکرد و ریال مەدرید سێ خاڵی لەدەستدا.
جود بێڵینگهامیش لە یارییەکانی گەڕی 12ـی لالیگا بەرامبەر ڤاڵێنسیا لە خولەکی 55 و لەوکاتەی ریال مەدرید بە گۆڵیک لەدوابوو پێناڵتی گۆڵ نەکرد. بەڵام دواتر ریال مەدرید گەڕایەوە و هەر خۆی لە خولەکی 90+6 گۆڵی بردنەوەی یارییەکەی کرد. ئەو پێناڵتییەش تاکە پێناڵتییە لەم وەرزە کاریگەری نەرێنی راستەوخۆی لەسەر ئەنجامەکانی یانەکە نەبووە.

بەڵام ئەو گرفتە هەر لەم وەرزە نییە، لە وەرزی رابردووش لەکۆی 10 پێناڵتی کە بۆ مێرێنگی هەژمارکرا، پێنج یاریزانی جیاواز جێبەجێیان کردن بەڵام 4 پێناڵتییان گۆڵ نەکرد.
ڤینیسیۆس جونیۆر | 4 پێناڵتی | 4 گۆڵ | 0 لەدەستدان | %100ـی گۆڵ کردووە |
خۆسێلو | 3 پێناڵتی | 1 گۆڵ | 2 لەدەستدان | %33.3ـی گۆڵ کردووە |
جود بێڵینگهام | 1 پێناڵتی | 1 گۆڵ | 0 لەدەستدان | %100ـی گۆڵ کردووە |
لوکا مۆدریچ | 1 پێناڵتی | 0 گۆڵ | 1 لەدەستدان | %0.0ـی گۆڵ کردووە |
رۆدریگۆ | 1 پێناڵتی | 0 گۆڵ | 1 لەدەستدان | %0.0ـی گۆڵ کردووە |
ئانچێلۆتی بەنیازبوو لوکا مۆدریچ بکات بە پێناڵتی لێدەرەی سەرەکی، بەڵام ئەستێرە کڕواتییەکە وەرزی رابردوو جیا لە یارییەکەی یونیەن بەرلین، بەرامبەر مانچێستەر سیتیش لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان گۆڵی نەکرد و متمانەی کارلۆی لەدەستدا.
بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ وەرزی 2022/2023 ریال مەدرید لەکۆی 18 پێناڵتی 14 گۆڵی کردووە و 4 پێناڵتی بەفیڕۆداوە، بەڵام کەریم بێنزێما 10 پێناڵتییانی جێبەجێکردووە و تەنیا یەک پێناڵتی بەفیرۆداوە.
کەریم بێنزێما | 10 پێناڵتی | 9 گۆڵ | 1 لەدەستدان | %90ـی گۆڵ کردووە |
رۆدریگۆ | 3 پێناڵتی | 3 گۆڵ | 0 لەدەستدان | %100ـی گۆڵ کردووە |
لوکا مۆدریچ | 3 پێناڵتی | 2 گۆڵ | 1 لەدەستدان | %66.7ـی گۆڵ کردووە |
ئێدین هازارد | 1 پێناڵتی | 0 گۆڵ | 1 لەدەستدان | %0.0ـی گۆڵ کردووە |
مارکۆ ئاسێنسیۆ | 1 پێناڵتی | 0 گۆڵ | 1 لەدەستدان | %0.0ـی گۆڵ کردووە |
لەدوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە 2018، کەریم بێنزێما زۆرترین پێناڵتی جێبەجێکردووە و زۆرینەی گۆڵ کردووە، بەڵام دوای رۆیشتنی بێنزێماش قەیرانە گەورەکە بەرۆکی یانەکەی گرتووە.
لە وەرزەی 2018/2019 ریال مەدرید لەکۆی 12 پێناڵتی هەر 12ـی گۆڵ کردووە، لە وەرزی دواتریش 2019/2020 دووبارە لە 12 پێناڵتی سەرجەمیانی گۆڵکردووە و هیچی لەدەست نەداوە، لە وەرزی 2020/2021 پێنج پێناڵتییان بۆ هەژمارکراوە و هەر پێنجیان گۆڵکردووە.
لە وەرزی 2021/2022 لەکۆی 16 پێناڵتی 12 دانەیان گۆڵکردووە و 4 لێدانیان بەفیڕۆداوە، لە وەرزی 2022/2023 کە کۆتا وەرزی بێنزێما بوو لەگەڵ یانەکە لەکۆی 18 پێناڵتی 14 پێناڵتییان گۆڵکردووە.
ئانچێلۆتی لەم وەرزە چەند جارێک پێناڵتی لێدەری تیپەکەی گۆڕیوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکا، کارلۆ بڕیاریداوە جارێکی دیکە گۆڕانکاری بکات و لەمەودوا کیلیان ئێمباپێ پێناڵتییەکان جێبەجێدەکات.
مەدریدستاکان هیواخوازن سوپەر کیلیان کۆتایی بە دێوەزمەی بەفیڕۆدانی لێدانی سزا بهێنێت و ریچکەی نموونەی باڵای، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە بگرێتەبەر.
