
یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل بیر لە دوورخستنەوەی دۆریڤاڵ جونیۆر دەکاتەوە و چوار کاندیدیشی هەڵبژاردووە.
بەڕازیل تا دێت ئاست و ئەنجامی خراپتر دەبێت و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ئەنجامی 1-4 تووشی شکست هات لەگەڵ ئەرژەنتین. پاش یارییەکەش زۆربەی رەخنەکان ئاڕاستەی راهێنەر کران.
بەگوێرەی گلۆبۆ، سلیساو بیر لەلابردنی ئەو راهێنەرە دەکاتەوە بەڵام پەلە ناکەن تا ئەوکاتەی راهێنەرێکی هەمیشەیی دەدۆزنەوە نەک کاتیی
بژاردەکان
1- کارلۆ ئەنشلۆتی
ئەنشلۆتی بووەتە خەونی بەڕازیلییەکان و ماوەیەکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدەن. سەرەڕای ئەوەی کارلۆ مانەوەی لەگەڵ مەدرید هەڵبژارد بەڵام هێشتا بەڕازیل بێ هیوا نەبووە و پێیان وایە ئەگەر هاوینی ئەمساڵ لە ریاڵ مەدرید بڕوات ئەوا دەتوانن لە کۆتاییدا بەدەستی بهێنن.
2- خۆرخی جیسوس
خۆرخی راهێنەری ئێستای هیلالی سعوودیە و ئەو یانەیەی کردووەتە یەکێک لە باشترین یانەکانی ئاسیا. پێشتر لە بەڕازیل راهێنەرایەتی فلامینگۆی کردووە. جگە لەوەش راهێنەری یانەکانی فینارباهچە، بەنفیکا و سپۆرتینگ بووە.
3- فیلیپی لویز
لویز تەنها دوو ساڵە وازی لە یاریکردن هێناوە. وەک یاریزان یاری بۆ دیپۆرتیڤۆ، چێڵسی و ئەتڵەتیکۆ مەدرید کردووە. لە کۆتا ساڵەکانیشی بووە یاریزانی فلامینگۆی وڵاتەکەی. پاش وازهێنانیش راستەوخۆ کرایە راهێنەری یەکەمی یانەکە. پارساڵ لە یەکەم وەرزیدا لە پلەی سێهەمی خولی بەڕازیلی بوون. ناوبراو خۆیشی یاریزانی بەڕازیل بووە و خاوەنی 44 یاری نێودوڵەتییە.
لویز توانی جامی بەڕازیلی و جامی سوپەری بەڕازیل بۆ فلامینگۆ بباتەوە.
4- ریناتۆ گاوچۆ
ریناتۆ یەکێکە لە راهێنەرە دیارەکانی بەڕازیل و ماوەی 23 ساڵە راهێنەری یانە جیاوازەکانی وڵاتەکەیەتی. کۆتا ئەرکیشی لە 2024 بوو لەگەڵ گریمیۆ. جگە لەوە راهێنەرایەتی یانەکانی فلومێنسی، باهیا، ڤاسکۆ دی گاما و ئەتڵەتیکۆ پارانێسی کردووە.
ریناتۆ لە 2017دا، کۆپا لیبەرتادۆرێسی بردەوە لەگەڵ گریمیۆ .