هەموو شتێک بزانە؛ چەند هەڵبژاردە گەیشتوونەتە مۆندیال و کێ دەرفەتی ماوە؟
راپۆرتێکی تێروتەسەل؛ هەموو وردەکارییەکان بزانە

یاریگا –
یەکەم وەستانی فیفا لە ساڵی 2025، چارەنووسی چەندین هەڵبژاردەی بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 یەکلاییکردەوە.
مۆندیالی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، بە بەشداری 48 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش یەکەمجارە فۆڕماتی مۆندیال لە دوای مۆندیالی 1998ی فەڕەنسا دەگۆڕدرێت.
کیشورەکان چەند کورسییان هەیە؟
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا: 16 هەڵبژاردە
یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا: 9 هەڵبژاردە
یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا: 8 هەڵبژاردە
یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور: شەش هەڵبژاردە
یەکێتیی تۆپی پێی کۆنکاکاف: شەش هەڵبژاردە
ئۆقیانۆس: یەک هەڵبژاردە.
لە کۆی گشتیدا 45 هەڵبژاردە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی 2026، کەچی سێ هەڵبژاردەی دیکەش لەڕێگەی پلەی ئۆفێک لەسەر ئاستی جیهان، دوا سێ بلیتەکە دەبڕن.
تۆڕی وەرزشی یاریگا، دوای. تەواوبوونی پشووی فیفا، ناوی سەرجەم ئەو هەڵبژاردەنەی گەیشتوون بە مۆندیالی 2026 بە وردی بڵاودەکاتەوە.
کەنەدا
کەی سەرکەوتووە؟ | 14ی فێبرایەر/شوباتی 2023 |
وەکو چی سەرکەوتووە؟ | میواندار |
دوا بەشداری | 2022 |
کەنەدا بۆ سێیەمجار لە مێژووی خۆیدا بەشداری مۆندیال دەکات، ئەمجارە بەهۆی بەشداریکردنی لە میوانداریکردنی پاڵەوانیەتییەکە، خۆکارانە سەرکەوتووە.
مەکسیک
کەی سەرکەوتووە؟ | 14ی فێبرایەر/شوباتی 2023 |
وەکو چی سەرکەوتووە؟ | میواندار |
دوا بەشداری | 2022 |
هەڵبژاردەی تری کۆلۆر، پێشتر دووجار میوانداری پاڵەوانیەتی جامی جیهانی لە ساڵانی 1970 و 1986 کردووە، هەردوو مۆندیالەکە، یەکێکن لە سەرکەوتووترینەکانی مێژوو.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
کەی سەرکەوتووە؟ | 14ی فێبرایەر/شوباتی 2023 |
وەکو چی سەرکەوتووە؟ | میواندار |
دوا بەشداری | 2022 |
هاوشێوەی کەنەدا و مەکسیک، ئەمریکا خۆکارانە گەیشتووەتە مۆندیالی 2026. ئەمە 12مین جارە بەشداری مۆندیال دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستکەوتێکی گەورەی نەبووە.
ژاپۆن
کەی سەرکەوتووە؟ | 20ی مارس/ئاداری 2025 |
وەکو چی سەرکەوتووە؟ | قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا |
دوا بەشداری | 2022 |
ژاپۆن حەفتەمین جارە لەسەریەک دەگاتە مۆندیال، ئەمجارە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیای بەکۆکردنەوەی 20 خاڵ، هەموو شتێکی یەکلاییکردەوە.
نیوزیلاند
کەی سەرکەوتووە؟ | 24ی مارس/ئاداری 2025 |
وەکو چی سەرکەوتووە؟ | قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئۆقیانۆس |
دوا بەشداری | 2010 |
نیوزیلاند سێیەمجارە بەشداری مۆندیال دەکات، پێشتر بەشداری لە مۆندیالەکانی 1982 و 2010 کردبوو. ئێستا بە پشتبەستن بە تواناکانی کریس وود، ئەستێرەی نۆتینگهام، دوای 16 ساڵ، جارێکی دیکە گەیشتنەوە مۆندیال.
ئێران
کەی سەرکەوتووە؟ | 25ی مارس/ئاداری 2025 |
وەکو چی سەرکەوتووە؟ | قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا |
دوا بەشداری | 2022 |
ئێران بۆ چوارەمجار لەسەر یەک گەیشتە مۆندیال و ئەمجارە چاویان لە دەستکەوتی گەورەیە. مەهدی تاڕمی لە تەمەنی 32 ساڵیدا، هێشتا لە گۆڵکردن بەردەوامە و هیوای گەورەی ‘تیمی میللییە’ لە مۆندیالی داهاتوو.
ئەرجەنتین
کەی سەرکەوتووە؟ | 25ی مارس/ئاداری 2025 |
وەکو چی سەرکەوتووە؟ | قۆناخی کۆمەڵەکانی کۆنێمبۆل |
دوا بەشداری | 2022 |
تانگۆ هەڵگری نازناوی رابردووە و دوای یەکلاییکردنەوەی گەیشتنی بە مۆندیالی داهاتوو، ئێستا سەرنجی تەواوی لەسەر پارێزگاریکردنە لە نازناوەکەی. ئالبیسێلێستێ بەدوای چوارەم نازناو دەگەڕێت و هەوڵدەدەن لە دوای بەڕازیل، ببنە دووەم هەڵبژاردە دوو جار بەدوای یەک، نازناوەکە بەدەستبهێنن.
دەرفەتی کام هەڵبژاردە بەهێزە بۆ سەرکەوتن؟
وەستانی داهاتووی فیفا لە سەرەتای مانگی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو دەبێت، چەندین هەڵبژاردە چارەنووسییان یەکلاییدەبێتەوە.
ئاسیا
دوای سەرکەوتنی ئێران و ژاپۆن، بەگوێرەی لێکدانەوەی بیرکاریانە بێت، کۆریای باشوور و ئوزباکستان، دەرفەتی گەورەی سەرکەوتنیان هەیە.
ئەمریکای باشوور
ئێکوادۆر و بەڕازیل لە گەیشتن بە مۆندیال نزیکبوونەتەوە، هەروەها ئوروگوای و کۆڵۆمبیا خەریکە جیاوازییەکە لەگەڵ پلەی حەفتەم زیاد دەکەن.
ئەفریقا
لە وەستانی ئەمجارەی فیفا، هیچ هەڵبژاردەیەک نەیتوانی بلیتی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 ببڕێت، بەڵام وێنەکە خەریکە روون دەبێتەوە. هەڵبژاردەکانی میسڕ، مەغریب، کامێرون، کۆتدیڤوار و تونس قاچێکیان لە مۆندیال داناوە.
کۆنکاکاف
بەهۆی ئەوەی هەرسێ هەڵبژاردەی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک گەیشتوونەتە مۆندیال، هاوکێشەکەی کۆنکاکاف ئاڵۆزە و هەڵبژاردەکانی کۆستاریکا، جامایکا و هۆندوراس دەرفەتی گەیشتن بە مۆندیالیان هەیە.
ئۆقیانۆس
نیوزیلاند راستەوخۆ گەیشتە مۆندیال و ئێستا تەنیا کالیدۆنیای نوێ ماوەتەوە بەشداری لە پلەی ئۆفی نێودەوڵەتی بکات.
ئەوروپا
هیچ هەڵبژاردەیەکی ئەوروپا نەگەیشتووەتە مۆندیالی داهاتوو، چونکە ئەم مانگە پاڵاوتنەکان دەستیانپێکرد.