
یاریگا –
جەیمس رۆدریگێز، ئەستێرەی کۆڵۆمبی خۆی لە چەندین ئەفسانەی پێشوو و ئێستای ریال مەدرید باشترە.
رۆدرگیێز لە مۆندیالی 2014ی بەڕازیل درەوشایەوە، بە تایبەت دوای گۆڵە ناوازەکەی بەرامبەر ئوروگوای، بووە داواکراوی سەرەکی لەلایەن یانە گەورەکانی جیهان. ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە لە دوای تەواوبوونی مۆندیال، پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد.
یاریزانی تەمەن 33 ساڵان بەشداری لە بەرنامەی Los Amigos de Eduی رۆژنامەنووس ئیدو ئاگێریدا کرد و وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری دایەوە.
رۆدریگێز لەبارەی باشترین سێ هێرشبەری ئێستای جیهان گوتی
کیلیان ئێمباپێ، جود بێڵینگهام و ڤینیسیۆس جونیۆر باشترینی جیهانن، ئەگەر باسی بەراوردکاری نێوان من و لوکا مۆدریچ و زینەدین زیدان بکەین، راستە زیدان لە لووتکەی ئاستیدا مۆندیالی بەدەستهێنا، بەڵام من باشترم.
رۆدریگێز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیکردەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا بێڵینگهام دەبێتە باشترین یاریزانی جیهان
پێموایە من 14 گۆڵ و 15 ئەسیستم کرد و ساڵێکی ناوازەبوو بۆ من، ئەمە هەمان ژمارە و ئاماری بێڵینگهامن کە لە یەکەم وەرزدا تۆماریکردن. زۆر بە شێوازی یارییکردنی سەرسامم و پێم وایە دەتوانێت باڵۆن دۆر بباتەوە. لە ساڵی 2014، لیۆنێل مێسی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئاندرێس ئینیێستا، چاڤی هێرناندێز، لویس سوارێز و نێیمار دا سیلڤا یارییان دەکرد و من پلەی هەشتەمی باشترینی جیهانم بەدەستهێنا. حەزم دەکرد باڵۆن دۆر بەدەستبهێنم و زۆریش نزیکبووم، بەڵام زیاتر سەرنجم لەسەر بردنەوەی چامپیۆنزلیگ دانابوو.
رۆدریگێز ئێستا یاریی بۆ یانەی لیۆنی مەکسیکی دەکات، ئەمەش دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ رایۆ ڤاییکانۆ. لیۆن ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت، بە جیاوازی یەک خاڵ لەگەڵ یانەی کڵەب ئەمریکا.