
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دڵخۆشی خۆی بە بردنەوەكەیان بەرامبەر ئاتلێتیكۆ مەدرید دەربڕی.
شەوی رابردوو ئاتلێتیكۆ مەدرید لە یاریگای ریاز ئێر مێترۆپۆلیتانۆ میوانداری بارسێلۆنای كرد و یارییەكەش بە بردنەوەی یانەی میوان بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ كۆتایی هات.
ئاتلێتیكۆ لە سەرەتادا لە رێگەی خولیان ئالڤارێز و ئەلێكساندەر سۆرلۆت دوو گۆڵیان كرد، دواتر بارسێلۆنا لە رێگەی یاریزانان لیڤاندۆڤسكی گۆڵێك، لامین یامال گۆڵێك و فێران تۆرێس دوو گۆڵ ریمۆنتادایان بەرامبەر تیمەكەی سیمیۆنی كرد.
لە دوای یارییەكە هانزی فلیک گوتی:
یارییەكانی داهاتوو تەواو جیاواز دەبێت، بەڵام گرنگ ئەمڕۆیە، گرنگی یارییەكانی پێشوو ئەوەیە توانیمان بردنەوە بەدەستبهێنین، شێوازی یاریكردنمان بەڕاستی نایاب بوو، شێوازی بیركردنەوەی تیمەكە سەرسوڕهێنەر بوو.
یارییەكە یارییەكی بەچێژ بووە بۆ هاندەران و ئەوانەی سەیریان كردووە، بەڵام بۆ راهێنەرەكان نا، ئەوە گرنگ نییە، گرنگترین شت بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەكە بوو، من زۆر دڵخۆشم بە ئاستی یاریزانەكانم.
ئەوەی شتەكە نایاب دەكات ئەوەیە كە پێكهاتەیەكی سەرەكی بەهێزمان هەیە، بەڵام ئەو یاریزانانەی لەسەر كورسی یەدەكیشەوە بەشداری دەكەن ئاستێكی زۆر بەرز پێشكەش دەكەن، ئەوەش ئەوەیە كە پێوویستمان پێیەتی، دەمانەوێت هەمووان لە راهێنانەكاندا لە %100 خۆیان پێشكەش بكەن، ئەمەش ئەوەیە كە پێیەوە پابەند دەبین.
شانازی بە یاریزانەكانمەوە دەكەم، پێموایە هەمووان دەتوانن ئەوە ببینن كە بیركردنەوەی یاریزانەكان چەند بەهێزە، ئەوان هەرگیز مانای خۆبەدەستەوەدان نازانن.
یاریی داهاتووی بارسێلۆنا لە دوای یاریی هەڵبژاردەكان دەبێت و راستەوخۆ دوای گەڕانەوەی یاریزانەكان رووبەرووی جیڕۆنا دەبێتەوە.