
یاریگا –
گواردیۆلا وەڵامی قسەکانی کاپێلۆ دەداتەوە کە بە ‘خۆپەرست’ ناوزەدی کردبوو، راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێت ‘هەموویم گوێ لێبووە و ئاگام لێیەتی’.
پێپ گواردیۆلا راهێنەری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لەبارەی قسەکانی فابیۆ کاپێلۆ راهێنەری ئیتاڵی دەڵێت :’من گوێ لە هەموو ئەو قسانە دەگرم کە خەڵکی لەبارەی منەوە دەیکەن، بۆیە ئاگاداربن چونکە من چاودێری هەمووان دەکەم، ئەمە یەکەمجاری نییە فابیۆ کاپێلۆ باسی من دەکات، من هێندە باش نیم تاوەکو بتوانم کۆنتڕۆڵی تۆپی پێی ئیتاڵیا بکەم و ئاڕاستەی بکەم، باوەشێکم بۆ کاپێلۆ’.
Pep has a hug for Fabio Capello pic.twitter.com/Vtiq6OLuKZ
— BeanymanSports (@BeanymanSports) March 14, 2025
پێشتر راهێنەرە ئیتاڵییەکە گواردیۆلای بە راهێنەرێکی ‘خۆپەرست’ ناوزەد کردبوو، کاپێلۆ لەبارەی گواردیۆلا گوتبووی :’گواردیۆلا راهێنەرێکی خۆپەرستە، کاتێک لەگەڵ مانچێستەر سیتی بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ گوتی من نازناوەکەم بەدەستهێنا، بەبێ ئەوەی باسی یاریزانەکانی بکات، لەکاتێکدا گواردیۆلا لە بایرن میونشن پارەیەکی زۆری خەرجکرد و نەیتوانی نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە’.
هەروەها کاپێلۆ گوتبووی :’گواردیۆلا زیانی زۆری بە تۆپی پێ گەیاندووە، ئەو لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو بووە هۆی ئەوەی چەندان راهێنەری تۆپی پێ هەوڵبدەن لاسایی بکەنەوە، من چەندان جار بە راهێنەرەکانم گوتووە، ئێوە ناتوانن لاسایی گواردیۆلا بکەنەوە چونکە ئەو یاریزانانەتان نییە کە گواردیۆلا هەیەتی، هیچ چێژێک لە تۆپی پێدا نامێنێت بۆ ماوەی 90 خولەک تەنیا پاس بدەی و هیچ شتێکی دیکە نەبینی’.
کاپێلۆ هەفتەی رابردوو هێرشی توندی کردبووە سەر گواردیۆلا و بەوە تۆمەتباری کرد، راهێنەرە ئیتاڵییەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی و هەوڵ دەدەن لاسایی بکەنەوە.