دۆنارۆما بەسەرکەوتنیان دڵخۆشە و گلەییش دەکات

یاریگا –
جیانلویجی دۆنارۆمای گۆڵپارێزی پاریس سانجێرمان دڵخۆشە بەوەی توانیویەتی یارمەتی تیپەکەی بۆ گەیشتن بە قۆناخی چارەکی کۆتایی بدات.
شەوی رابردوو لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ، دۆنارۆما توانی لێدانی سزای داروین نونێز و کورتیس جۆنز بگەڕێنێتەوە، پاریس سانجێرمانیش بە گۆڵکردنی هەر چوار پێناڵتییەکەیان جێگەی خۆی لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانەتییەکە مسۆگەرکرد.
ئەستێرە ئیتاڵییەکە دوای یاریی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سکای سپۆرتی ئیتالیا چەند لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی خستەڕوو، گلەیی لە پەیامنێران و رۆژنامەنووسان کرد و گوتی:
من کەمێک دڵگران و تووڕەم. زۆر رەخنەی ئەو کەسانە دەبینم کە خۆیان بە رۆژنامەنووس ناودەبەن، تەنانەت بێ ئەوەی بزانن ئەرکی ئەو پیشەیەی هەیانە چییە. لە یاری چوون گۆڵێکمان لێکرا، ئەوانیش وەک ئەوەی خەتای من بێت مامەڵەیان دەکرد. هەمیشە هەوڵدەدەم زەردەخەنە بکەم و باشترینی خۆم پێشکەش بکەم، بەڵام هەندێکجار بەرگەی ئەم رەخنە و هێرشکردنە بێ مانایانە ناگرم.
دۆنارۆما سەبارەت بە ئاستی پاریس سان جێرمان لە دوو یاری لە یاریگای خۆیان و لە ئانفیڵد بەرامبەر لیڤەرپوول گوتی:
دڵخۆشم بە ئاستی تیپەکەمان. ئێمە دەمانزانی ئەمشەو ئەرکێکی زۆر قورسمان لە پێشە، هاتن بۆ ئێرە ئاسان نییە، یاریکردن لەم یاریگایەدا لەگەڵ هاندەرانی ئاوا ناوازە بێگومان ئاسان نابێت. یاریکردن لە ئەنفێڵد هەمیشە قورس بووە بەتایبەتی کاتێک دەبێت قەرەبووی دۆڕانی 1-0 بکەیتەوە. بەهەرحاڵ زۆر دڵخۆشم کە سەرکەوتنمان بەدەستهێنا و سەرکەوتین بۆ قۆناخی داهاتوو.
لیڤەرپوول شەوی رابردوو بە ئەنجامی 4-1 لە لێدانە یەکلا کەرەوەکان لەسەر دەستی پاریس سانجێرمان لە قۆناخی 16 ماڵئاوایی لە پاڵەوانەتییەکە کرد و بەم ئەنجامە پاریس بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی سەرکەوت و ئێستا چاوەڕێی براوەی یارییەکەی ئاستۆن ڤێلا و کڵەب برۆج دەکات.