
یاریگا –
کوڕە گەورەکەی جیانلویجی بوفۆن لە یانەی پیسا لە سێریا بی یەکەم یاریی لە کاروانی پیشەگەری خۆیدا کرد.
لویس تۆماس کوڕە گەورەی جیانلویجی بوفۆن لە خولی پلە دووی ئیتاڵیا یەکەم یاریی بە درێسی پیسا کرد، لویس تەمەنی 17 ساڵانە و پێچەوانەی باوکی هێرشبەرە و لە هەڵبژاردەی لاوانی چیک یاریی دەکات.
فیلیپۆ ئینزاگی راهێنەری پیسا کە ساڵی 2006 بەیەکەوە لەگەڵ بوفۆن دەستکەوتێکی مێژووییان بۆ وڵاتەکەیان بەدەستهێنا و جامی جیهانییان بەرزکردەوە، دەرفەتی بە لویس تۆماس کوڕی بوفۆن دا یەکەم یاریی لە کاروانی پیشەگەری بکات، کە سێ هەفتە لەمەوبەر ئینزاگی بانگهێشتی کوڕە 17 ساڵانەکەی بوفۆنی کرد بۆ ئەوەی لە تیپی یەکەم مەشق و راهێنان بکات.
مانگی رابردوو لویس یەکەم یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی لاوانی چیک کرد و بڕیاریدا درێسی هەڵبژاردەی چیک بپۆشێت، لەکاتێکدا باوکی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی ئیتاڵیایە، کە کوڕەکەی گۆڵپارێزە ئیتاڵییەکە خاوەنی وڵاتینامەی چیک و ئیتاڵیایە.