گرنگترینمۆندیالی یانەکان

فیفا پاداشتە داراییەکانی جامی جیهانی یانەکان ئاشکرا دەکات

"دوو هێندەی پاداشتەکانی مۆندیالی قەتەرە"

Yariga App

یاریگا –

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان “فیفا” بڕی یەک ملیار دۆلار بەسەر یانە بەشداربووەکانی جامی جیهانی یانەکان دابەش دەکات.

لە مانگی حوزەیرانی 2025 بۆیەکەمجار جامی جیهانی یانەکان بە سیستەمێکی نوێ و بە بەشداری 32 یانە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. بودجەی گشتی پەسەندکراوی فیفا بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە 2 ملیار دۆلار دەبێت.

فیفا لە بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاویکردووەتەوە، پاداشتە داراییەکانی جامی جیهانی یانەکانی 2025 بڕی یەک ملیار دۆلار دەبێت، سەرجەم ئەو داهاتەی دەستیان دەکەوێت بەسەر یانە بەشداربووکانی دابەش دەکەن و یەک دۆلاریش بۆخۆیان هەڵناگرن.

فیفا ئاماژەی بەوەش کردووە پارەکە بە یەکسانی دابەش ناکرێت، پاداشتی یانەیەکی کیشوەری ئەوروپا زیاتر دەبێت لەچاو یانەکانی کیشوەرەکانی دیکە و بەگوێرەی ئاست و ناوبانگی یانەکان داهاتی پاڵەوانێتییەکە دابەش دەکرێت.

575 ملیۆن دۆلار بۆ بەشداریکردنی یانەکان لە پاڵەوانێتییەکە دابەش دەکرێت و 465 ملیۆن دۆلاری دیکە بەگوێرەی بڕینی هەر قۆناخێک بەسەر یانەکان دابەش دەکرێت، ئەو یانانەی دەگەنە قۆناخەکانی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆیان دەستدەکەوێت.

هاوکات پاداشتە داراییەکانی جامی جیهانی یانەکان دوو هێندەی مۆندیالی قەتەر دەبێت، چونکە فیفا لە مۆندیالی 2022ـی هەڵبژاردەکان 440 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دابەشکرد، لە مۆندیالی خانمانیش لە 2023 بڕی 110 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دابەش کرد.

 فیفا چۆن داهاتی پاڵەوانێتییەکە کۆدەکاتەوە؟

فیفا لەگەڵ خزمەتگوزاری ستریمینگی دازن ‘DAZN’ی بەریتانی رێککەوتووە و هەر 63 یارییەکەی مۆندیالی یانەکان بەخۆڕایی بۆ بەشداربووانی پلاتفۆڕمەکە دەگوازرێتەوە.  بەهای گرێبەستی نێوان فیفا و دازن گەیشتووەتە یەک ملیار دۆلار.

هەروەها تی ئێن تی سپۆرت لەکۆی 63 یاریی مافی پەخشکردنی 24 یاریی بەدەستهێناوە.

جیا لەوە چەند بڕاندێکی گەورەی وەک کۆکا کۆلا، بانکی ئەمریکی، کۆمپانیای ئەلیکترۆنی هایسێنسی چینی و چەند کۆمپانیەیەکی دیکەی زەبەلاح سپۆنسەری پاڵەوانێتییەکە دەکەن.

رێککەوتنی فیفا و DAZN: لە کوردستان چۆن سەیری مۆندیالی یانەکانی 2025 بکەین؟

بابەتی زیاتر

Back to top button