ئه‌وروپائینگلتەرافه‌ره‌نساگرنگترین

به‌هۆی پێنج هۆکار سەیری یارییەکەی پاریس و لیڤەرپوول بکەن

Yariga App

یاریگا –

ئه‌مشه‌و له‌ یاریگای پارک دی پرینس یارییەکی سەرنجڕاکێش له‌ نێوان دوو یانەی گه‌وره‌ی ئەوروپی ده‌كرێت ئه‌ویش پاریس سانجێرمانی فەرەنسی پێشوازی له‌ لیڤەرپوولی ئینگلیزی ده‌كات، هانده‌رانیش چاوه‌ڕوانی یارییه‌كه‌ی لووتكه‌ی ده‌كه‌ن.

یارییه‌كه‌ كاتژمێر 11:00 به‌كاتی هه‌ولێر ده‌كرێت، سەیرکردنی یارییەکە بۆ هەموو هاندەرانی تۆپی پێ و ئەوانەی بەدوای چێژوەرگرتن و پلانی  هونەریدا دەگەڕێن گرنگه‌ لەبەر چه‌ند هۆکارێك كه‌ دیارترینیان ئه‌مانه‌ن.


کەتیبەی ئەستێرەکان

ئەم یارییە کۆمەلێك لە باشترین یاریزانانی جیهان له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ له‌ خۆده‌گرێت، لیڤەرپوول چەندین ئەستێرەی درەوشاوەی هەیە، دیارترینیان محه‌مه‌د سەڵاحی میسری و لویس دیازی هۆڵەندی و دیێگۆ جۆتای پۆرتوگالی، له‌ پاریس سانجێرمانیش ژمارەیەک ئەستێرەی هەیە له‌وانه‌، برادلی بارکۆلا و عوسمان دێمبێلی فەرەنسی، خڤیچا کڤاراتسخێلیای جۆرجیا، ئەشره‌ف حه‌کیمی مەغریبین.

پلانی هێرشبەری هه‌ردوو یانه‌

شێوازی هێرشبەری ئەم دوو تیپە یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکانیان، بەو پێیەی پاریس سانجێرمان هێزێکی گەورەی هێرشبەری هەیە، هاوکات لیڤەرپوولیش بەناوبانگە بە یاریی خێرا و گواستنه‌وه‌ی تۆپ به‌ خێرایی ئه‌مه‌ش لە رێگەی سێگۆشەی هێرشبەری تیپه‌كه‌ی كه‌ پێك دێت له‌، سەڵاح و لویس دیاز و کۆدی خاکپۆ، بەو پێیەی ئەم یارییە پڕە لە هەلی هێرشبەری و تۆپی خێرا، ئەمەش ئەگەری بینینی ژماره‌یه‌ك گۆڵ و  سیناریۆی ورووژێنەر زیاتر دەکات.

پاریس سانجێرمان سەرەتای وەرز دووچاری كێشه‌ بوو، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2024 رێگەی گەڕانەوەی بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كان دۆزیەوە و لە کۆتا 20 یاریی 18 بردنەوەی بەدەستهێنا و دوو یارییەکەی دیکەش یەکسان بووه‌.

یانه‌ فه‌ڕه‌نسیه‌كه‌ لە دوایین چوار یارییدا 21 گۆڵی کردووه‌ و به‌ پلەی ئۆفە سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستهێنا کە تێیدا بە کۆی هه‌ردوو یاریی 10-0 لە برێستی بردەوە.

یانەی سوور پۆشه‌كه‌ دوای تێپه‌ربوونی 28 گه‌ڕ بە کۆکردنەوەی 67 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولی نایابی ئینگلیزیدایە، تیپەکە 66 گۆڵی تۆمارکردووە، لەم وەرزەشدا هێزێکی گەورەی هێرشبەری هەیە.


رووبه‌رووبونه‌وه‌ی سڵۆت و ئێنریكی

لەسەر ئاستی تاکتیکی و راهێنەرایەتی، ململانێکان لە نێوان لویس ئێنریکی و ئارن سڵۆتی راهێنەردا پەرەی سەندووە، بەو پێیەی یەکەمیان شێوازێکی هێرشبەری جیاوازی هەیە، هەوڵدەدات تواناکانی هێرشبەری تیپەکەی بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لیڤەرپوول سەرسام بکات.

لەلایەکی دیکەوە سڵۆت به‌روونی جێپەنجەیەکی لەسەر شێوازی یاریکردنی لیڤەرپوول دیاره‌، ئەمەش وادەکات بتوانن به‌و پلانه‌ ڕووبەڕووی پاریس ببنه‌وه‌، كاریكه‌ری له‌سه‌ر شێوازی یارییه‌كه‌ هه‌بێت.


حەکیمی رووبەڕووی سەڵاح دەبێتەوە

یارییەکەی لیڤەرپوول و پاریس سانجێرمان جێگەی سەرنجی هاندەرانی میسر و مەغریبی دەبێت، چونکە بینه‌ری یارییه‌كی سەرنجڕاکێش لە نێوان دوو یاریزانە بەناوبانگەکەییان ده‌بن، محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤه‌رپوول كه‌ پێشبینی ده‌كرێت یه‌كێك بێت له‌ پاڵێوراوه‌كانی بالۆن دۆر، ئه‌شره‌ف حەکیمی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانیش کە یەکێکە لە باشترین باریزانه‌كان له‌ شوێنی خۆی به‌رامبه‌ر یه‌كتر یاریی ده‌كه‌ن.

شەڕی نێوانیان لە لای راستی یاریگاکە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر شێوازی یارییەکە، بەو پێیەی هەردوو یاریزانەکە بە خێرایی و لێهاتوویی هێرشبردن ناسراون، ئەمەش رکابەریی زیاتر دەکات.

سەڵاح له‌م وه‌رزه‌  بە باشترین ساتی ژیانی وەرزشیدا تێدەپەڕێت، بەو پێیەی تاكو ئێستا 30 گۆڵ و 22 ئەسیستیی لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا کردووە و لەم وەرزه‌ی چامپیۆنزلیگ، محەمەد سەڵاح 7 یاری كردووه‌، سێ گۆڵ و چوار ئەسیستی هه‌یه‌.


خەونی بردنه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگ

گومانی تێدا نییە کە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ ئامانجی سه‌ره‌كییه‌ بۆ هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و لیڤەرپوول، به‌تایبه‌ت بۆ پاریسیه‌كان  كه‌ تاكو ئێستا ئه‌م نازناوه‌یان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.

لەلایەکی دیکەوە لیڤەرپوول هەوڵدەدات جارێكی دیكه‌ نازناوەکە بباته‌وه‌ یارییه‌كه‌ ئه‌مشه‌و ده‌كاته‌ جه‌نگێكی راستەقینە بۆ گەیشتن بە خەونی بەدەستهێنانی بەناوبانگترین پاڵەوانێتی ئەوروپا.

بابەتی زیاتر

Back to top button