بۆ یاریی دێڕبی راپەرین، رانیە لە توانای هێرشبەرێکی بێبەش دەبێت
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەند بریار و راسپاردەیەکی دەرکرد

یاریگا –
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی کرد و یاریزانێکی رانیە بەهۆی سزاوە بەرامبەر چوارقوڕنە بێبەش دەبێت.
پێنج شەممە ( 27ـی شوباتی 2025 ) یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی کرد، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە سەر گرژی نێوان یاریزانانی رانیە و سیروانی نوێ لە گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان، بریاردرا بە راگرتنی ئەیمەن رەعد هێرشبەری رانیە بۆ دوو یاریی، ئەیمەن لە یاریی داهاتوو لە دێڕبی راپەرین بەرامبەر چوارقوڕنە بێبەش دەبێت، ئیسماعیل سەردار یاریزانی سیروانی نوێ بۆ دوو یاریی راگیرا، هەر دوو یاریزانیش بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار سزادران.
تەواوی بریار و راسپاردەکانی ئەمڕۆی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان:
1-بەهۆی هێرشکردنە ناڕەوایانەی بۆ سەر یاریزان و ئەستێرەی کوردستان و عێڕاق ( شۆخان نورەدین ) لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان (دوای بڕیاری وازهێنانی یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی فوتساڵی کچانی عێڕاق ) ، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بەتوندی ئیدانەی ئەم جۆرە کارانە دەکات و پاڵپشتی تەواوی شۆخان و سەرجەم یاریزانان دەکات .
2- آ- خولی ژێر 20 ساڵانی نایابی کوردستان لە بەرواری 15-5-2025 دەسپێدەکات .
ب- خولی ژێر 20 ساڵانی پلەیەکی کوردستان لە بەرواری 20-5-2025 دەسپێدەکات .
تێبینی : بەشداریکردن ( ئیجبارییە ) بۆ هەردوو خول .
3-دەستەی راهێنەران ( راهێنەر-یاریدەر- راهێنەری گۆڵپارێزان ) و سەرپەرشتیارانی سەرجەم خولەکان ( تیپی پێشکەوتووان ) دوای تەواو بوونی خولەکانیان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن بەردەوام بن ( لەکشوفات خۆیان تۆمار بکەن ) لە خولەکانی ژێر 20 ساڵان و 17 ساڵان ئەگەر لەهەمان یانەی خۆشیان بێت .
4- بەهۆی هەڵسووکەوتی ناشیاو و دوور لەگیانی وەرزشی هاندەرانی هەردوو یانەی خاک و یانەی چەمچەماڵ لە یاریان بەرامبەر بەیەکتر لەگەڕی 12ـــی خولی پلەیەکی کوردستان بڕیاردرا بەپێبژاردنی هەردوویانە بە بڕی 250 هەزار دینار بەدووبارەکردنەوەی سزاکان قورستر دەبن .
5- رێگادرا بەم یاریزانانەی خوارەوە وەک یاریزانی ناوەوەی هەرێمی کوردستان یاری بکەن :
( محمود هاشم محمد – ئەحمەد عبدالقادر محمد – حازم محمدأمین ) .
6-سەبارەت بەیاری نێوان یانەی رانیە و یانەی سیروانی نوێ لەگەڕی 20 ـــی خولی نایابی کوردستان :
بەهۆی هەڵسووکەوتی ناشیاو و دەرچوون لە گیانی وەرزشی بڕیاردرا بەڕاگرتنی یاریزانی یانەی رانیە( ئەیمەن رەعەد) و یاریزانی یانەی سیروانی نوێ ( ئیسماعیل مەردان ) بۆ دوو یاری ( بۆ هەریەکەیان ) و پێبژاردن بڕی 500 هەزار دینار ( بۆ هەریەکەیان) ، بەدووبارەکردنەوەی سزاکان قورستر دەبن .
7-سەبارەت بەیاری نێوان یانەی رواندز و یانەی هەڵۆ لەگەڕی 12ـــی خولی پلەیەکی کوردستان :
بەهۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوانان بەووتەی ناشیاو بڕیاردرا بەڕاگرتنی هەرسێ یاریزانی یانەی رواندز ( بەرهەم عەلی – ئەیاد ساڵح – زانا شوان ) بۆ دوو یاری و پێبژاردنی یانەی رواندز بەبڕی 500 هەزار دینار .
8-سەبارەت بەیاری نێوان یانەی برایەتی و یانەی پێشمەرگەی هەولێر لەگەڕی 20 ـــی خولی نایابی کوردستان :
بەهۆی ووتەی ناشیاو بەرامبەر بە ناوبژیوانان بڕیاردرا بە راگرتنی یاریزانی یانەی برایەتی ( نەزیر حەمید ) بۆ یەک یاری و پێبژاردن بەبڕی 250 هەزار دینار .
9- سەبارەت بەیاری نێوان یانەی چوارقوڕنە و یانەی پیشەسازی لەگەڕی 18ـــی خولی نایابی کوردستان :
بەهۆی هەڵدانی یاری ئاگرین لەلایەن هاندەرانی یانەی چوارقوڕنەوە بۆ نێو یاریگا و مەترسی درووستکردن ، بڕیاردرا بەپێبژاردنی 500 هەزار دینار ، بەدووبارەکردنەوەی یاریەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ یاریگایەکی تر .