
یاریگا –
زیدان کە ئێستا راهێنەرایەتی هیچ یانەیەک ناکات و دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید ئۆفەری چەندان یانەی گەورەی ئەوروپای رەتکردەوە، ئێستا خەریکی کاری وەبەرهێنانە و لە گەشەپێکردنی وەرزشێکی نوێ رۆڵی هەیە.
رۆژنامەی لۆپاریزیانی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، زینەدین زیدان ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی فەڕەنسی لە باشووری فەڕەنسا بایی 5 ملیۆن یۆرۆ سەنتەرێکی وەرزشی دروست دەکات، کە ئەو سەنتەرە وەرزشییە 13 یاریگای یاریی پادێل لەخۆ دەگرێت و سەرەتای ساڵی داهاتوو دەست بە بونیادنانی دەکرێت، جگە لە یاریگای پادێل یاریگای یاریی پێنج یاریزانی و کەنار دەریاشی تیادا دەبێت.
سەنتەرە وەرزشییەکەی زیزۆ بەناوی Z5 دەبێت و دەکەوێتە شاری تۆلۆز، ئەم سەنتەرە وەرزشییە دەبێتە سێیەمین سەنتەری وەرزشی زیدان لە فەڕەنسا بۆ پەرەپێدانی یاریی پادێل و یاریی فوتساڵی پێنج یاریزانی بیکاتەوە.
جگە لە زیدان، هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و فرانچیسکۆ تۆتی و ڤیرجیل ڤان دایکیش وەبەرهێنان لە یاریی پادێل دەکەن و رۆژ لەدوای رۆژ ئەو یارییە لەسەر ئاستی جیهان هەواداری زۆرتر دەبێت. تەنانەت حاتەم بن عەرەفە یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا و یانەکانی نیوکاسڵ یونایتد و مارسێی دوای وازهێنانی لە یاریکردن دەستی بە یاریی پادێل کردووە و ئێستا یەکێکە لە یاریزانە پیشەگەرەکانی ئەم یارییە مۆدێرنە.
زیدان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر تێکەڵی ئەم یارییە دەبێت، لە ئینستاگرام هەژمارێکی تایبەتی بۆ براندی Z5 دروستکردووە، کە تایبەتە بە یاریی پادێل و لەوێ ڤیدیۆ و وێنەکانی خۆی لەکاتی یاریکردنی بڵاو دەکاتەوە.