چامپیۆنزلیگ هەڕەشە لە ئیزاک و نیوکاسڵ دەکات
رکابەرییەکان قووڵبوونەتەوە

یاریگا –
پرسیارەکان لەبارەی داهاتووی ئالێکساندەر ئیزاک لە نیوکاسڵ یونایتد زیادبوون، بە تایبەت دوای قووڵبوونەوەی رکابەرییەکانی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
نیوکاسڵ متمانەیەکی زۆری بە ئیزاکە، بەڵام رۆژنامەی میرەر بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر نیوکاسڵ نەگاتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، رێگە بە چوونە دەرەوەی ئیزاک دەدرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە بێت، نیوکاسڵ یونایتد ئامادەیە بە 150 ملیۆن پاوەند رێگە بە چوونە دەرەوەی ئیزاک بدات.
هێشتا سێ ساڵ و نیو بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی ئیزاک ماوە و ماگپایس دەیەوێت گرێبەستەکەی زوو نوێبکاتەوە، تاوەکو بەهای گواستنەوەی لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە.
نیوکاسڵ لە ئێستاوە کار لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی ئیزاک بۆ ماوەیەکی درێژدەکاتەوە، چونکە ئیزاک وەکو ئەڵماسی لێهاتووە و نایەوێت قازانجێکی کەمی لێبکات.
ئیزاک تەمەن 25 ساڵ، یەکێکە لە دیارترین هێرشبەرانی ئێستای پرێمەرلیگ و لەلایەن لیڤەرپوول و ئارسیناڵ داواکراوە. ئەستێرە سویدییەکە 21 گۆڵ و پێنج ئەسیستی لە کۆی 30 یاریی ئەم وەرزە کردووە.