سعوودییەکان ئۆفەرێکی ‘خەیاڵی’ پێشکەشی گواردیۆلا دەکەن
لە چنگی ئیماڕاتییەکان دووریدەخەنەوە

یاریگا –
سعوودییەکان ئۆفەرێکی ‘خەیاڵی’ پێشکەشی پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی دەکەن.
رۆژنامەی ئێل ناسیۆنال بڵاویکردووەتەوە، یانەیەکی سعوودیە ئۆفەرێکی گەورەی پێشکەشی گواردیۆلا کردووە، ئەمەش وەکو کەرەستەیەک بۆ رازیکردنی و دەستپێکردنی کاروانێکی نوێی راهێنەرایەتی دوور لە ئەوروپا.
بەگوێرەی رۆژنامە ئیسپانییەکە بێت، ئۆفەرەکە گرانترینی مێژووی راهێنەرانە و زۆر لە مووچەی ئێستای لەگەڵ مان سیتی زیاترە.
گواردیۆلا کاروانێکی پڕدەستکەوت و نازناوی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەڕێکردووە، بەڵام لەم وەرزەدا ئاستی یانەکە دابەزیوە و ئێستا بەکۆکردنەوەی 44 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندیدا دێت.
مان سیتی لە چامپیۆنزلیگیش، لەسەردەستی ریال مەدرید دوورخرایەوە، ئەمەش مشتومڕی لەسەر داهاتووی پێپ لە مان سیتی دروستکردووە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە جەختیکردووەتەوە، گواردیۆلا وەڵامی یەکلاییکەرەوەی ئۆفەرەکەی نەداوەتەوە و مان سیتی لە مانەوەی پێپ دڵنیاییە.