
یاریگا –
خاڤیێر تێباس، سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگای ئیسپانیا بە توندی هێرشدەکاتە سەر ریال مەدرید و باسی گۆڕانکاری سیستمی ناوبژیوانی دەکات.
بەمدوواییە مشتومڕی زۆر لەسەر حاڵەکانی ناوبژیوانان لە لالیگا دروستبووە، بە تایبەتی یارییەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا، ئەمەش فشارێکی زۆری میدیایی بەدوای خۆیدا هێناوە.
تێباس لەبارەی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری سیستمی ڤار دەڵێت
ئێستا زۆر ڤار بەکاردەهێندرێت، کاتێک خۆسێ لویس سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ بوو، هەموو شتێک ئاساییبوو، بەڵام دواتر فلۆرێنتینۆ پێرێز پەیوەندی بە روبیالێس (سەرۆکی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێ) کرد و لەوساتەوە، زۆر ڤار بەکاردەهێندرێت.
تێبینی زۆر لەسەر ناوبژیوانانی لالیگا دروستبووە، تێباس لەبارەی گۆڕینی سیستمی ناوبژیوانی روونیکردەوە
دەمانەوێت سیستمی ناوبژیوانی بگۆڕین، بەڵام ئەگەر راپرسی لەگەڵ تەواوی یانەکان بکەین، ئەوا وەڵامی یانەکان روونە بۆ ئێمە، پێمان دەڵێن مەدرید و بارسێلۆنا زۆرترین سوودیان لە سیستمەکە وەرگرتووە، بەڵام ئەو یانانە تەلەڤزیۆنیان نییە تاوەکو قسە لەبارەی رووداوەکان بکەن، تەنیا کەناڵی ریال مەدرید نەبێت، کە بەردەوام کار لەسەر ئەم بابەتە دەکات.
سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا لەبارەی مشتومڕەکانی ئەم دواییەی ناوبژیوانان دەڵێت
لە چەند هەفتەی رابردوودا، مشتومڕێکی زۆرمان لەسەر حاڵەتەکانی ناوبژیوانی بینی، تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی یەکێتیی تۆپی پێ، بەدوای چارەسەرێکی یەکگرتوو نەگەڕاون، تەنیا ریال مەدرید باسی مشتومڕەکە دەکات و چیرۆکی درۆ بڵاودەکاتەوە، ئەمەش پرسیاری جیدی لەسەر تۆپی پێی ئیسپانیا بە گشتی دروستکردووە. تەواوی یانەکان گلەییان هەیە، بەڵام ریال مەدرید فۆکەسی تەواوی لەسەر داناوە و ئەمە بابەتێکی دوژمنکارانەیە.
تێباس دووپاتیدەکاتەوە، زۆر لایەنگری ریال مەدرید هەن، بە هیچ شێوەیەک پاڵپشتی لە هەڵوێستەکانی یانەکەیان ناکەن.
ئەوان بە شێوەیەک قسەدەکەن، وەکو ئەوە وابێت، ئەمە پیلانگێڕییەکی ماسۆنی یەهوودییە لە دژی ئەوان، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک راست نییە. کەناڵی ریال مەدرید تاکە ئامرازی میدیاییە رای گشتی لەسەر رەخنەگرتن لە ناوبژیوانان دروستکردووە.
تێباس لەبارەی پەیامی ریال مەدرید بۆ یەکێتیی تۆپی پێ کە تیایدا رەخنەیان لە ناوبژیوانان و سیستمی ناوبژیوان گرتبوو دەڵێت
دەمەوێت دووپاتیبکەمەوە، لە ساڵی 2023 ئەم بیرۆکانەمان خستبووەڕوو، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ریال مەدرید دەستپێشخەرە و خەریکی رێنوێنیمان دەکات. گۆڕینی پەیکەربەندی ناوبژیوانی پەیوەندی بە دروستکردنی پەیکەربەندییەکی بەهێز و توند هەیە، ئەمە وەکو دروستکردنی خانووە. بەڵام دەبێ بزانین کێ بەڕێوەی دەبات و کاتێک کەسی گونجاو هەبوون، ئەوکاتە رێکارەکان روونتر دەبنەوە.
تێباس گڕی بە بابەتی پەیوەندیدار بە پەیوەندی خۆی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزدا کرد و رەتیکردەوە، هیچ کێشەیەکی کەسی لەگەڵدا هەبێت، تەنیا لەسەر دیدگای تۆپی پێ ناکۆکن
پێرێز نوێنەرایەتی یەکجۆری تۆپی پێ دەکات، نوێنەرایەتی ئەو لایەنە دەکات، کە فێڵ لە خەڵک دەکەن. بۆچی بەڕوونی باسی پشتگیری خۆی بۆ کۆمپانیای A22 (سوپەرلیگ) ناکات؟ بەڵکو دوو کەسایەتی دیکە هەن و بەردەوام لە جیاتی ئەو قسە دەکەن.
لەبارەی مەیلی هاندەری و یانەی دڵخوازی خۆی، تێباس دەڵێت
بەهۆی نەوەکانم، جار جارە هاندەری ریال مەدریدم. سێ نەوەم هاندەری ریال مەدریدن و ئەمەش وایکردووە زیاتر لەگەڵیان تێکەڵ بم.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، تێباس هێرشیکردەوە سەر پێرێز و گلەیی لە هاندەرانی ریال مەدرید کرد
هەندێک شت هەیە، بەلای منەوە زۆر هەڵەن. هاندەرانی ریال مەدرید ستایشی هەموو کارێکی پێرێز دەکەن، وەک ئەوە وایە هەر کارێک بکات، دروستە. شتێکی باشە باسی سوپەرلیگ بکرێت؟ شتێکی باشە رەخنە بەردەوام رەخنە لە ناوبژیوانان بگیرێت؟ بەڵام دەبێ هاندەرانی ریال مەدرید خاوەن رای سەربەخۆی خۆیان بن. ئەگەر سەرۆک یاخود بەڕێوەبەری یانەیەکی تۆ، کاری هەڵە بکات، ئەوا دەبێ بەڕوونی باسی بکەیت.