لە سێریا ئەی رووداوێکی سەیروسەمەرە روویدا

یاریگا –
شەوی رابردوو رووداوێکی سەیر روویدا لە یاری نێوان لێچی و ئودێنزی دا کە بووە هۆی باس و خواستی میدیاکانی ئیتاڵیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لەو یارییەدا، لێدانێکی سزا بۆ ئودێنزی هەژمارکرا. هەمیشە لێدانە سزاکان لەو یانەیە لەلایەن فلۆریان تاوڤینی کاپتنەوە جێبەجێ دەکرێت, بەڵام لۆرێنزۆ لوکای هێرشبەر چووە سەر تۆپ و یاریزانەکان زۆر هەوڵیاندا رازی بکەن واز بهێنێت و ئەو لەسەر قسەی خۆی سوور بوو.
ناوبراو سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، لێدانەکەی جێبەجێکرد و گۆڵ بوو. بەڵام دوای گۆڵەکە هیچ یاریزانێکی یانەکە نەچوو ئاهەنگی لەگەڵ بگێڕێت. پاشانیش راستەوخۆ لەلایەن راهێنەرەوە ئاڵوگۆڕی پێکرا سەرەڕای ئەوەی خولەکی 33ی یارییەکە بوو.
کۆستا رونایچ، راهێنەری ئودێنزی دوای یارییەکە لەسەر ئەو رووداوە بۆ دازن وتی
ئێمە پلەبەندیمان هەیە لەم یانەیەدا، ئەو پلەبەندییەکەی شکاند لەخۆیەوە بڕیاریدا و ئەمەش بەدڵی من نەبوو. پاشان زۆر گفتوگۆی کرد لەنێو یاریگادا. من دامنیشاند چونکە حەزم لەو کەسانە نیە کە یاساکان دەشکێنن. بەدڵنیاییەوە لە کاتی مەشقەکان باسی دەکەین و چارەسەری دەکەین”.
ئودێنزی بەو تاکە گۆڵە یارییەکەی بردەوە و سەرکەوت بۆ پلەی دەیەمی ریزبەندی. لێچیش لە پلەی 15هەمدایە