
یاریگا –
مارکوس راشفۆرد تاوەکو ئێستا دەستبەرداری خەونی پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا نەبووە.
سەرەڕای جێهێشتنی مانچێستەر یونایتد و پەیوەندیکردنی بە ئاستۆن ڤیلا تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە، راشفۆرد دڵی بۆ بارسێلۆنا لێدەدات.
بەهۆی ناکۆکی نێوان راشفۆرد و روبن ئامۆریم، راهێنەری مان یونایتد. یاریزانە ئینگلیزییەکە یانەی منداڵی خۆی جێهێشت و بەخواستن بووەتە یاریزانی ڤیلانز.
بەر لە پەیوەندیکردنی بە ئاستۆن ڤیلا، بەڕێوەبەری کارەکانی راشفۆرد گفتوگۆی لەگەڵ چەندین یانەی ئەوروپا کرد، لە نێویاندا بارسێلۆنا.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، ئامانجی سەرەکی راشفۆرد پەیوەندیکردنە بە بارسێلۆنا، سەرەڕای ئەوەی ڤیلانز دەتوانێت بەبڕی 40 ملیۆن پاوەند، گرێبەستی یاریزانەکە بەتەواوی بکڕێتەوە.
شکستهێنانی گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا
لە سەرەتای کرانەوەی دەرگای گواستنەوەکانی زستانە، ناوی راشفۆرد بە بارسێلۆنا بەسترابووەوە، بەڵام گواستنەوەکە نەهاتەدی.
هەینی رابردوو، ماتیۆ مۆریتۆ، رۆژنامەنووسی تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردبووەوە، بارسێلۆنا بڕیاری کشانەوەی لە کەیسی گواستنەوەی راشفۆرد هێناوە، چونکە یانە کاتالوونییەکە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، گواستنەوەکە روونادات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی رێلێڤۆ، لەماوەی رابردوو بارسێلۆنا قسەی لەگەڵ خودی مارکوس راشفۆرد کردبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێن بۆ یاریزانەکە و کێشەی دابینکردنی مووچەکەی، پڕۆسەکە هەرەسیهێنا.
راشفۆرد بەرهەمی ئەکادیمیای مانچێستەر یونایتد و 20 ساڵ یاریی بۆ شەیتانە سوورەکان کرد.
راشفۆرد 426 یاریی بۆ مانچێستەر یونایتد کردووە، خاوەنی 138 گۆڵ و 63 ئەسیستە. ئەستێرە ئینگلیزییەکە دوو جار نازناوی جامی FA و دووجار نازناوی جامی کاراباو و جارێکیش نازناوی یۆرۆپالیگی بردووەتەوە.