وتار: چه‌ند ده‌درێت؟
نووسینی: خالد ئهلرهبیعان
وه‌رگێڕانی: كامه‌ران پاڵانی
پاره له كوێی (تۆپی پێ)دایه؟ پرسیارێكی ئاسانه؟ به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر، به‌ڵكو ئه‌م پرسیاره ماندومان ده‌كات له وه‌ڵامدانه‌وه‌یدا، ڕه‌نگه ده‌یان لاپه‌ڕه‌ی له‌سه‌ر بنووسین! پاره ته‌نها له خه‌زێنه‌ی یانه‌كاندا نییه، به‌ڵكو له كۆمپانیای سپۆنسهرهكانیشدا هه‌یه، وه‌كو (شیڤرۆلێ)ی ئه‌مه‌ریكی بۆ ئۆتۆمبێل، كه لۆگۆكه‌ی له‌سه‌ر درێسی یانه‌ی مان یونایتده، له خهزێنهكهیدا پاره‌یه‌كی زۆر هه‌یه كه له ڕێگه‌ی به بازاڕكردنی وه‌رزشی ماركه باززرگانیهكهی ده‌ستی ده‌كه‌وێت له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌ك كه زۆرترین هه‌واداری له سه‌رانسه‌ری دنیادا هه‌یه (560 ملیۆن كه‌س). هه‌روه‌ها كۆمپانیای ڕیكلام، و تۆڕی ته‌له‌فزیۆنه‌كان كه یاریه‌كان په‌خش ده‌كه‌ن. زیاتر بیر بكه‌ره‌وه! یاریزانه‌كان له رێگه‌ی ڕیكلام كردنه‌وه داهاتیان ده‌ست ده‌كه‌وێت. داهاتی ڕۆناڵدۆ له ڕێگه‌ی ڕیكلام كردنه‌وه زیاترێكه له مووچه‌ی ساڵانه‌كه‌ی له یانه‌ی یوڤێنتوس، هه‌روه‌ها (لیۆنێل میسی)ش! ده‌وڵه‌ته‌كانیش پشكیان له پاره‌ی (تۆپی پێ)دا هه‌یه، ئه‌و یاریزانه ئه‌ستێرانه و ئاساییانه‌ش ساڵانه باج ده‌ده‌ن، كه بڕه پاره‌یه‌كه گاڵته‌ی پێ ناكرێت! ساڵانه (891) ملیۆن پاوه‌ند ده‌ڕواته خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی به‌ریتانیا (ئینگلته‌را، وێڵز، ئیرله‌ندای باكور و ئیسكوتلهندا) له ڕێگه‌ی باج خستنه سه‌ر داهاتی یاریزانانی پرێمه‌رلیگه‌وه. یانه‌كان باج ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها رابیته‌ی خولی ئینگلیزیش، هه‌ر ئه‌وه‌نده نا، به‌ڵكو ڕاهێنهرهكانیش (گواردیۆلا، كلۆپ، مۆرنیهۆ) باج ده‌ده‌ن، كه تێكڕای ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ڕواته خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی به‌ریتانیا (2،4) دوو ملیار و چوار سه‌د ملیۆن پاوه‌نده له وه‌رزێكدا! كه ده‌توانرێت مووچه‌ی (93) هه‌زار پۆلیسی ئینگلیزی پێ بدرێت، كه ده‌كاته كۆی (90%)ی ژماره‌ی پۆلیسه‌كانی هه‌ردوو وڵاتی ئینگلته‌را و وێڵز! ئه‌ی پاره‌كانی تر له كوێن؟ بریكاری یاریزانه‌كانیش بوونیان هه‌یه.
یانه‌كانی پرێمه‌رلیگ (260) ملیۆن پاوه‌ندیان داوه‌ته ده‌ڵاڵه‌كانی تۆپی پێ، له پێناو ڕازیكردنی یاریزانه‌كان به مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندی كردن پێیانه‌وه! گرهوكردنهكان، ده‌تبینم پێ ده‌كه‌نیت.. پێت ده‌ڵێم كه ئابووری گره‌وكردنه وه‌رزشیه‌كان گه‌یشته (40) ملیار دۆلار له ساڵێكدا، كه ده‌كات بودجه‌ی ساڵانه‌ی ده‌یان وڵات! مافیا و تاوانكارانیش هه‌ندێك جار پشكیان له پاره‌ی (تۆپی پێ)دا هه‌یه، ئه‌ویش له رێگه‌ی ڕفادنی كه‌س و كاری یاریزانه‌كانه‌وه! له ساڵی (2014)دا باوكی (تێڤیز)یان ڕفاند و داوای (28) هه‌زار پاوه‌ندیان ده‌كرد، پاش (8) كاتژمێر مانه‌وه‌ی باوكی تێڤیز له لایه‌ن مافیاكانه‌وه، تێڤیز پاره‌كه‌ی پێ دان و باوكیان ئازاد كرد.
(ڕۆبینهۆ)ی به‌رازیلیش له ساڵی (2004)دا كاتێك په‌یوه‌ندی به ریاڵ مه‌دریده‌وه كرد، سه‌رنجی مافیاكانی بۆ لای خۆی ڕ‌اكێشا، بۆیه دایكیان ڕفاند و له به‌رانبه‌ر بڕه پاره‌یه‌كی زۆردا، دایكیان ئازاد كرد. (ویلسۆن پالاسیۆس) له ویگانهوه رۆیشته تۆتێنهام، تاوانكاران (ئیدوین)ی برا بچووكیان ڕفاند و بۆ ماوه‌ی (14) مانگ ده‌ستبه‌سه‌ریان كرد، دواتر (پالاسیۆس) ناچار بوو بڕی (125) هه‌زار پاوه‌ندیان پێ بدات و ئه‌وانیش براكه‌یان ئازاد كرد!