ئیسپانیاگرنگترین

شەڕی ئانچیلۆتی و سیمیۆنی یاریی دێربی مه‌درید گه‌متر ده‌كات

Yariga App

یاریگا –

چاوی ​​هاندەرانی تۆپی پێ لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆیە، کە له‌ گه‌ڕی 23ـی لالیگا له‌ دێربی مەدرید هه‌ردوو یانه‌ی ریاڵ مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید به‌رامبه‌ر یه‌كتر یاریی ده‌كه‌ن.

ئەم رووبەڕووبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە کەشێکی ئاڵۆز له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ هه‌یه‌، نەک تەنها بەهۆی ئه‌وه‌ی  کێبڕکێی بەهێزی نێوانیان دوو دراوسێیه‌، بەڵکو لە ئەنجامی ئەو كێشانه‌یه‌ كه‌ ریال مه‌درید له‌سه‌ر ناوبژیوانان بڵاویده‌كاته‌وه‌، هەروەها لێدوانە ئاگرینه‌كانی نێوان کارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری مێرێنگێ و دیێگۆ سیمیۆنی راهێنه‌ری رۆخی بلانکۆسه‌.

یارییەکە تەنها سێ خاڵ نییە، بەڵکو ململانێیە بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەم، چونکە ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 49 خاڵ پێشەنگی لالیگای گرتووە، لە بەرامبەردا ئاتلێتیکۆ مەدرید بە کۆکردنەوەی 48 خاڵ لە پلەی دووەمدایە، ئەمەش وایکردووە بردنەوەی ئەم یارییه‌ هەنگاوێک بەرەو نازناوەکەیان ببات.

لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا گرژییەکانی نێوان ریال مەدرید و لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا زۆربوو، ئه‌مه‌ش دوای ئەوەی ریال مه‌درید پێی وابوو  له‌لایه‌ن ناوبژیوانییان سته‌می لێده‌كرێت.

دوایین ئەڵقەی ئەم هێرشانه‌ی ریال مه‌درید بۆ سه‌ر ناوبژیوان لە یارییان به‌رامبه‌ر ئیسپانیۆل بوو، کە لۆس بلانکۆس بە گۆڵێکی بێ وەڵام دۆڕا.

كارگێری ریاڵ مەدرید سکاڵایەکی فەرمی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆمار كرد و لیژنەی ناوبژیوانان بە نادادپەروەرانە بەرامبەر شاهانە تۆمەتبار كرد.


هه‌روه‌ها كارلۆ ئانچێلۆتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گوتی، خەڵک دەڵێن ناوبژیوانی لە بەرژەوەندی ریال مەدرید بڕیار ده‌دات، بەڵام کاتێک داوای شەفافیەت دەکەین بۆمان دەردەکەوێت کە شتەکان بە نهێنی بەڕێوەدەبرێن، وەڵامی روونمان دەوێت.

لەبەرامبەردا خاڤیێر تێباس سەرۆکی لالیگا گاڵتە بە ناڕەزایەتییەکانی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت، ریال مەدرید هەوڵدەدات فشار بخاتە سەر ناوبژیوانان، بەڵام سەرناگرێت، دەبێت وەک هەر تیپێکی تر شکست قبوڵ بکات.

ناوبژیوان سیزار سۆتۆ گرادۆ به‌ ناوبژیوانی دێربی ده‌ستنیشانكراوه‌، ئەمەش نیگەرانی هاندەرانی ریال مەدریدی لێكه‌وته‌وه‌، چونکە هانده‌ران پێیان وایه‌  پێشتر لە چه‌ند یارییه‌ك زوڵمی له‌ ریال كردووه‌.

گرژییەکە تەنها لەنێوان ریال مەدرید و ناوبژیوانان نەبووه‌، بەڵکو درێژبۆته‌وه‌ بۆ راهێنەرانی هەردوو تیپ، چونکە ئانچیلۆتی پێش یارییه‌كه‌ گوتی، سەیری تەلەفزیۆن دەکەم بۆ ئەوەی ئارام ببمەوە لەبری ئەوەی بیر لە ناوبژیوانەکان بکەمەوە.

له‌ به‌رامبه‌ردا سیمیۆنی بە گاڵتەجاڕیەوە وەڵامی لێدوانەکانی ئەنچیلۆتی دایەوە و گوتی، منیش هەمان شت دەکەم، له‌وانه‌یه‌ بتوانین پێکەوە سەیری شتێک بکەین.

سیمیۆنی بەوەوە نەوەستا، باسی له‌وه‌شكرد، هەندێک کەس پێیان وایە ناوبژیوانان دژی ئەوانن، هەرچەندە ئەوان لەماوەی ساڵانی رابردوودا گەورەترین سوودیان له‌ هه‌ڵه‌ی ناوبژیوانان وه‌رگرتووه‌، با سەرنجمان لەسەر یارییەکە بێت لەبری ئەوەی بیانوو بهێنینەوە.

لێدوانەکانی راهێنەری رۆخی بلانکۆس ئاماژەیە كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو  ریال مه‌درید سودی وەرگرتووه‌ لە بڕیارە گومان لێكراوه‌كانی ناوبژیوان، بەتایبەتی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

لێدوانه‌كان و قسه‌كانی ئانچیلۆتی و سیمیۆنی دەرئەنجامی ئەو كێشانه‌ی ئێستا نییە، بەڵکو پێشینه‌ی هەیە.

 

لەماوەی رابردوو، بەتایبەتی مانگی یەکی ساڵی رابردوو، دوای یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر سێلتاڤیگۆ لە جامی شای ئیسپانیا، کە بینه‌ری بڕیارێكی گوماناوی ناوبژیوان بووین، سیمیۆنی رایگەیاند، هەمیشە گوێم له‌ بڕیاری گوماناوی ناوبژیوان له‌ یارییەکانی ریال مەدرید دەبێت، ئەمە 100 ساڵە روودەدات، ئەم لێدوانە کاردانەوەی توندی یانەی ریال مەدریدی لێکەوتەوە.


لە وەڵامی لێدوانەکانی سیمیۆنیدا ئانچیلۆتی گوتی، پێموایە هەموو جیهانی تۆپی پێ دەزانن ریال مەدرید لە کوێیه‌، 125 ساڵە له‌ جیهانی تۆپی پێ نوێنەرایەتی چی دەکات، ئەمانەش تەنها ئاماژەیەکی ئازاربەخشن لە رابردوودا، ئانچێلۆتی توانجی له‌ بردنه‌وه‌ی دوو نازناوی چامپیونزلیگی له‌سه‌ر حسابی ئاتلێتكۆ له‌ سیمیۆنی دا ئه‌ویش ساڵانی 2014 و 2016 بوون.


رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان کارلۆ ئانچیلۆتی و دیێگۆ سیمیۆنی بە یەکێک لە توندترین شەڕە تاکتیکییەکانی تۆپی پێی مۆدێرن دادەنرێت، چونکە هەریەکەیان نوێنەرایەتی قوتابخانەیەکی تەواو جیاواز دەکەن.

ئانچیلۆتی باوەڕی بە نەرمی تاکتیکی و ئازادی داهێنەرانە بۆ یاریزانەکانی هەیە، لە بەرامبەردا سیمیۆنی ئەرجەنتینی پشت به‌ جۆش و خرۆش و رێکخستنی بەرگرییه‌كی به‌هێز و فشاری بەرز و هێرشی پێچه‌وانه‌ی خێرا دەبەستێت.


سیمیۆنی و ئانچێلۆتی لە 25 یاری ڕووبەڕووی یه‌كتربوونه‌ته‌وه‌، هەریەکەیان 9 سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، لە 7 یاریشدا یەکسانبوونه‌

بابەتی زیاتر

Back to top button