فەرمی؛ بەرگریکارێکی هۆڵەندی مانچێستەر یونایتدی جێهێشت
بووە بژاردەی سێیەمی ئامۆریم
یاریگا –
تیرێل ماڵاسیا، بەرگریکاری مانچێستەر یونایتد بەخواستن پەیوەندی بە ئایندهۆڤن کرد.
گواستنەوەی ماڵاسیا تاوەکو کۆتایی وەرزە و بژاردەی گۆڕینی گرێبەستەکە بۆ هەمیشەیی لە گرێبەستەکەدا نووسراوە.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان مان یونایتد و ئایندهۆڤن، یانە هۆڵەندییەکە تەواوی مووچەی پێنج مانگی داهاتووی یاریزانەکە دابین دەکات.
مانچێستەر یونایتد، دوای گواستنەەی پاتریک دۆرگو لە لێچی بەبڕی 30 ملیۆن پاوەند، رێگەی بەچوونە دەرەوەی ماڵاسیادا.
یەکشەممەی رابردوو، تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردبووەوە، بێنفیکا ئامادەبوو ماڵاسیا بەخواستن تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە بگوازێتەوە، بەڵام گفتوگۆی نێوان هەردوو یانەکە بێئەنجام بوو.
بڕیاربوو شەممە پێشوو، ماڵاسیا بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی بۆ بێنفیکا، گەشتی لیسبۆن، پایتەختی پۆرتوگال بکات، بەڵام گەشتەکە هەڵوەشایەوە.
🤝 @TyrellMalaciia has joined PSV Eindhoven on loan.
Good luck, Ty 🙌#MUFC
— Manchester United (@ManUtd) February 4, 2025
ماڵاسیا بەهۆی پێکان، بەشداری لە بەشێکی زۆری یارییەکانی وەرزی رابردوودا نەکرد، تەنیا هەشت یاریی لە تەواوی پاڵەوانیەتییەکاندا کرد.
ماڵاسیا بژاردەی سێیەمی روبن ئامۆریم لە باڵی چەپی بەرگری، دوای هەریەکە لە لووک شۆو و دیۆگۆ داڵۆت.
ماڵاسیا دوای 550 رۆژ، یەکەم یاریی ئەم وەرزەی لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی رابردوو لە بەرامبەر بۆدۆ/گلیمت لە یۆرۆپالیگ کرد.
ماڵاسیا لە دوو یاریی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ و بۆرنمس سەرەکیبوو، بەڵام لەوەتەی 22ی دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، بەشداری هیچ یارییەکی نەکردووە.
بەرگریکاری هۆڵەندی لە هاوینی ساڵی 2022 لە فاینۆردەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد. لەوساتەوە 39 یارییکردووە.