هەولێر بەفەرمی گرێبەستی رێبین سولاقای راگەیاند
یاریگا –
یانەی هەولێر بەفەرمی گواستنەوەی رێبین سولاقا بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراقی بۆ ریزەکانی راگەیاند.
یانەی هەولێر بە ڤیدیۆیەک گرێبەستی رێبین سولاقا بەرگریکاری 32 ساڵانی هەڵبژاردەی عێراق راگەیاند، کە ئەو یاریزانە بە رەسەن خەڵکی شاری هەولێرە و لە عەنکاوە لەدایکبووە.
سولاقا سەرەتای ساڵی رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی سیئۆلی کۆریای باشوور کرد و هاوینی رابردوو روویکردە ریزەکانی یانەی شافهاوزنی سویسڕی، لە جام و خولی پلەدووی سویسڕا 10 یاریی بە درێسی ئەو یانە سویسڕییە کرد و سەرەتای ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانە سویسڕییە کۆتایی هات و بێ یانە بوو.
سولاقا پێشتر درێسی یانەکانی دالکوردی سویدی، لێڤسکی سۆفیای بولگاری، برۆماپۆیکارنای سویدی، شەحانیە و خۆر و مەرخیەی قەتەری پۆشیوە، لەوەتەی ساڵی 2015 یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەکات.
سولاقا (32 ساڵان) کە بە رەسەن خەڵکی هەولێرە و لە شارۆچکەی عەنکاوە لەدایکبووە، بێ یانە بوو و لە بۆرسەی یاریزانان بەگوێرەی پێگەی ترانسفێر مارکێت نرخەکەی 100 هەزار دۆلارە، خاوەنی 47 یارییە بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق و گۆڵێکیشی کردووە.