تایبەت بە یاریگا؛ قوە جەوییە دوو ئۆفەری دهۆکی بۆ فرۆشتنی هیران ئازاد رەتکردووەتەوە
شوڕتە و تەڵەبە و نەجەفیش داوای هیرانیان کردووە
یاریگا –
قوە جەوییە دوو ئۆفەری دهۆکی بۆ فرۆشتنی هیران ئازاد رەتکردووەتەوە، یانەکەی بەغدا ئامادە نییە دەستبەرداری یاریزانە کوردەکەی بێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی دهۆک دوو جار ئۆفەری پێشکەشی قوە جەوییە کردووە بۆ ئەوەی هیران ئازاد بگەڕێنێتەوە ریزەکانی، بەڵام جەوییە هەردوو ئۆفەرەکەی دهۆکی رەتکردووەتەوە، ئامادە نییە دەستبەرداری هیران بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، قوە جەوییە داوای کردووە لە بەرامبەر هیران ئازاد، لە نێوان کەریم دەروێش و یانیک زاکری یەکێک لەو دوو یاریزانە پیشەگەرەی پێبدات، بەڵام دهۆک ئەو داواکارییەی جەوییەی رەتکردووەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، قوە جەوییە دەیەوێت هیران ئازاد لەگەڵ یاریزانێکی دیکە بگۆڕێتەوە، ئامادە نییە هەروا دەستبەرداری ئەو یاریزانە بێت، کە یانەکانی شوڕتە و نەجەف و تەڵەبەش داوای هیرانیان کردووە، بەڵام جەوییە بەبێ ئاڵۆگۆڕکردنی لەگەڵ یاریزانێکی دیکە ئامادە نییە گڵۆپی سەوز بۆ هیران هەڵ بکات.
هیران ئازاد ساڵی 2000 لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و هاوینی 2023 لە یانەی سیونی سویسڕییەوە پەیوەندی بە دهۆک کرد و بۆ ماوەی وەرزێک درێسی هەڵۆیەکانی چیای پۆشی، پێشتر بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراوە و دوو یاریی نێودەوڵەتی بە درێسی شێرەکانی رافیدەین کردووە.