چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش؛ گوستاڤۆ هێنریکی چۆن چاکەکەی یانەی زاخۆ دەداتەوە؟
هێرشبەرە بەڕازیلییەکە لەم وەرزە 10 گۆڵی کردووە و بە باشترین یاریزانی 4 یاری دەستنیشانکراوە
یاریگا –
گوستاڤۆ هێنریکی لەگەڵ یانەی زاخۆ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەدرەوشێتەوە، ئەو یاریزانە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ یانەکەی هەیە، خەریکە ئەو چاکەیە بە یانەکەی دەداتەوە، کە ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵیان کرد.
سێپتێمبەری 2023 یانەی زاخۆ گرێبەستی لەگەڵ گوستاڤۆ هێنریکی واژۆکرد و ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە لە خولی ڤیێتنامییەوە پەیوەندی بە خولی عێراقییەوە کرد، بەڵام هێنریکی لەو چوار مانگەی لە زاخۆ بوو، لە ئاستی پێویستدا نەبوو، بۆیەکەمجار لە ژیانیدا دەبووە باوک و لە دووری هاوژینەکەی خەمبار بوو، بۆیە سەرەتای ساڵی 2024 بڕیاریدا بەهەر جۆرێک بێت بگەڕێتەوە بەڕازیل و داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کرد.
دلژار عەدنان ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ لەبارەی هێرشبەرە بەڕازیلییەکەوە دەڵێت :’گەرچی گوستاڤۆ گرێبەستی لەگەڵ یانەکەمان مابوو، دەمانتوانی مافی دەستبەرداربوونی پێنەدەین، بەڵام عەمار فەرهاد سەرۆکی یانەکەمان وەکو هەڵوێستێکی مرۆڤانە رێگای پێدا بگەڕێتەوە وڵاتەکەی و لەگەڵ خێزانەکەی بێت تاوەکو لە رووی دەروونییەوە ئارام دەبێتەوە’.
هێرشبەرەکەی زاخۆ بەهۆی دووری لە خێزانەکەی لە رووی دەروونییەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدابوو، بەڵام یانەی زاخۆ لەبەر ئەوەی لە لێهاتوویی و توانای هێنریکی دڵنیابوون، داوایان لێکرد هەرکاتێک بیەوێت بگەڕێتەوە زاخۆ، هاوینی رابردوو گوستاڤۆ گەڕایەوە ریزەکانی زاخۆ.
دڵژار عەدنان دەشڵێت :’دوای ئەوەی لە بەڕازیل بووە باوک و لە رووی دەروونییەوە ئارام بووەوە، پەیوەندیمان پێوە کرد و داوامان لێیکرد بگەڕێتەوە زاخۆ و خێزانەکەی لەگەڵ خۆی بهێنێت، بەیەکەوە لێرە بژین، گوستاڤۆ بە ئۆفەرەکەمان رازی بوو مانگی ئابی رابردوو گەڕایەوە زاخۆ، ئێستا خۆی و خێزانەکەی لێرە دەژین’.
گوستاڤۆ باشترین یاریزانی پیشەگەری ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، لەم وەرزە لە 17 یاری 10 گۆڵ و 4 ئەسیستی کردووە، لە چوار یاری بەرامبەر نەجەف، نەفتی بەسرە، کەرخ و شوڕتە بە باشترین یاریزانی یارییەکان دەستنیشانکرا.
گوستاڤۆ 8/11/1994 لە بەڕازیل لەدایکبووە، لە ریزی یانەکانی بۆتافۆگۆ و فیگەرێنسی بەڕازیلی یاریی کردووە و تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ زاخۆ هەیە.