هەمووشتێ دەربارەی رێککەوتنەکەی ئەستۆن ڤیلا و راشفۆرد
یاریگا –
گواستنەوەی مارکوس راشفۆرد لە مانچێستەر یونایتدەوە بۆ ئاستۆن ڤیلا تەنها راگەیاندنی فەرمی ماوە.
هاتنی روبن ئامۆریم بۆ پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە لەدوای ئێریک تێن هاخ، هەمووشتێکی گۆڕی و یاریزانە ئینگلیزیەکە بەتەواوەتی لە پلانەکانی ئامۆریمدا نەما. تەنانەت کۆتا چەند هەفتەش بەتەواوەتی دووریخستەوە لە پێکهاتەکەیدا.
لەگەڵ کردنەوەی دەرگای مێرکاتۆی زستانە، ناوی راشفۆرد بە چەند یانەیەکی جیاوازەوە بەسترایەوە کە نزیکترین بارسێلۆنابوو. بەڵام گفتوگۆکان ئەنجامی نەبوو. ئێستا زۆرێک لە سەرچاوەکان باس لە رێککەوتنی تەواوەتی دەکەن لەگەڵ ئاستۆن ڤیلا.
فابریزۆ رۆمانۆ یەکێک لە دیارترین سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانە کە باس لەوەدەکات مارکوس لەسەر مەرجە کەسییەکان لەگەڵ ڤیێلا رێککەوتووە پاش ئەوەی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا.
رۆمانۆ نووسیوشیەتی کە هەردوو یانە لەسەر گواستنەوەی بەخواستن رێککەوتوون، ئەوەی ماوەتەوە مەرجی کڕینەوەیە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، خودی ئونای ئێمری راهێنەری ئاستۆن ڤیلا پەیوەندی بە هێرشبەرەکەوە کردووە و یاریزانەکەش پرۆژەکەی ئەو یانەیە و هەروەها بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگ جێی بایەخی بووە.
سەبارەت بە تێچووی راشفۆرد، کە یەکێک بوو لە لەمپەرەکانی یانەکانی دیکە بەهۆی زۆریی مووچەکەیەوە، لوکا بێندۆنی رۆژنامەنووس زانیویەتی یانەی ئاستۆن ڤیلا بڕی 60%ی کۆی مووچەی هەفتانەی ئەو یاریزانە دەدات کە ئێستا لە یونایتد 315 هەزار پاوەند وەردەگرێت.