سەیدسادق سزای کشانەوەی لە خولی نایابی کوردستان وەرگرت
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد
یاریگا –
سەیدسادق سزای کشانەوەیان لە خولی نایابی کوردستان وەرگرت و یانەکە پلەیەکیش دابەزێنرا.
شەممە ( 1ـی شوباتی 2025 ) یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد، دوای کشانەوەیان لە خولی نایابی کوردستان، بەپێی رێنماییەکان یەکێتی تۆپی پێی کوردستان سەیدسادقی دابەزاند بۆ خولی پلەیەکی کوردستان و سەرجەم یارییەکانی قۆناخی دووەمیش 3 _ 0 بۆ تیپی بەرامبەر هەژمار دەکرێت، بڕی 5000000 پێنج ملیۆن دیناریش سزای بەسەردا سەپێنرا.
بریار و راسپاردەکانی ئەمڕۆی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان.
1 _ دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، بریاردرا بە رەتکردنەوەی پەڵپی یانەی هەولێر لە سەر یاریزانی یانەی ئاکرێ ( ئەحمەد یوسف ).
2 _ دوای پێشکەشکردنی نووسراوی فەرمی یانەی سەیدسادق بە کشانەوەیان لە خولی نایابی کوردستان، بەپێی بەندی سێزدەهەم لە تۆماری سزاکان تایبەت بە یانەکان بریاردرابە:
آ _ ئەنجامەکانی یانەی سەیدسادق لە قۆناغی یەکەم وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆ یارییەکانی قۆناغی دووەمی خولی نایابی کوردستانیش 3 _ 0 بۆ یانەی بەرامبەری هەژمار دەکرێت.
ب _ دابەزینی یانەی سەیدسادق بۆ ریزی خولی پلەیەکی کوردستان لە وەرزی داهاتوو.
ج _ پێبژاردنی یانەی سەیدسادق بەبڕی 5000000 پێنج ملیۆن دینار.
3 _ ئاگادارکردنەوەی کۆتایی بۆ ( حەسەن محەمەد ) کارگوزاری یانەی برایەتی کە بۆی نیە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بکات، بە پێچەوانەوە تووشی سزای تووند دەبێت.
4 _ ئاگاداری بۆ سەرجەم یانەکانی بەشداربوو لە خولەکانی کوردستان، هەر یانەیەک بە نووسراوی فەرمی نوێنەرێک دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی هەماهەنگ و پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بکات، داواکاریی و کارەکانی یانەکان لە رێگای ئەم نوێنەرەوە دەبێت، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ چەند کەسێک بکات لە یەک یانەدا.
5 _ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی سۆران و یانەی هەڵۆ لە جامی هەرێمی کوردستان بریاردرابە:
آ _ بە هۆی هەڵسوکەوتی نا وەرزشی بریاردرابە راگرتنی ( هۆگر سەعدی ) یاریزانی یانەی سۆران بۆ یەک یاری و پێبژاردنی بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار.
ب _ پێبژاردنی سەرۆکی یانەی هەڵۆ بەبڕی 250000 دووسەد و پەنجاهەزار دینار.
6 _ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی پێشمەرگەی هەولێر و هەولێر لە جامی هەرێمی کوردستان، بە هۆی هەڵسوکەوتی ناوەرزشی بریاردرا بە راگرتنی ( هۆگر عوسمان ) یاریدەدەری راهێنەری هەولێر بۆ دوو یاری و لەگەڵ مانەوەی کارتە سوورەکەی، پێبژاردنی بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزاردینار.
7 _ تاقیکردنەوەی ناوبژیوانانی ژێر 17 ساڵ و ژێر 20 ساڵ و ناوبژیوانانی پلە دوو لە رۆژی 22 _ 2 _ 2025 لە شاری هەولێر ئەنجامدەدرێت.