هەموو شتێک بزانە؛ پلانی بارسا بۆ گواستنەوەی راشفۆرد چییە؟ دوا هەڵوێستی یاریزانەکە و چارەسەرییەکان
بارسێلۆنا پلانێکی تۆکمەی داڕێشتووە و راشفۆردیش نەرمی نواندووە
یاریگا –
مارکوس راشفۆرد، ئەستێرەی ئینگلیزی ئامادەیە سازش لەسەر شایستەکانی دارایی بکات.
هەرچەندە یانەکانی بۆڕووسیا دۆرتموند، ئارسیناڵ و ناپۆلی لە نزیکەوە چاودێری دۆخی راشفۆرد دەکەن، بەڵام رۆژنامەی دەیلی ستار بڵاویکردووەتەوە، راشفۆرد ئامادەیە مووچەی هەفتانەی کەمبکاتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانی بارسێلۆنا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە بێت، راشفۆرد ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر گواستنەوەی هەمیشەیی بۆ بارسێلۆنا بکات و ئەگەر کەمکردنەوەی مووچەکەی کێشەکان چارەسەربکات، ئەوا ئامادەیە سازش بکات.
مووچەی هەفتانەی ئێستای راشفۆرد لە 300 هەزار پاوەند زیاترە، ئەمەش کێشەی سەرەکی لەبەردەم گواستنەوە دروستکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ وردەکاری پلانەکانی بارسای بۆ. گواستنەوەی راشفۆرد ئاشکراکردووە.
رۆژنامەکە نووسیویەتی
دێکۆ خەریکی هەڵسەنگاندنە بۆ دۆخی ئێستای بارسا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا، بەهۆی سنووردارییەکانی مووچەی یاریزانان لە بارسا، یانەکە بیر لە دەستبەرداربوون لە تواناکانی ئاندرێس کریستیێنسن دەکات، تاوەکو سنووری مووچەی کەمبکاتەوە و بتوانێت گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەکەی مان یونایتد بکات.
هەفتەی رابردوو، رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردبووەوە، راشفۆرد ئامادەیە سازش لەسەر شایستەکانی دارایی خۆی بکات و تەنانەت، لە پێناو یارییکردن بۆ بارسێۆنا، مووچەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکردبوو، سەرەڕای نزیکبوونەوەی چوونە دەرەوەی ئانسو فاتی بە خواستن، قەبارەی مووچەی یاریزانان کەمناکاتەوە و خەریکە کارگێڕی یانەکە کار لەسەر ئامادەکردنی ئۆفەرێک دەکەن.
دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا لەبارەی گواستنەوەی راشفۆرد دەڵێت
خەریکی چارەسەرکردنی کێشەی دارایی خاوێنین، ئێستا لە کۆتای رۆژی گواستنەوەکانداین، ئەگەر بتوانین تیمەکە بەهێز بکەین، ئەوا کاری لەسەر دەکەین، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ شتێکی نوێ نییە.
ئامانجی سەرەکی ئێمە، نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە گرنگەکانە، دواتر دەتوانین سەرنج لەسەر گواستنەوەی یاریزانان دابنێین، بەڵام ئەمە شتێک نییە کە راهێنەر داوای لە ئێمە کردبێت.