هەموو شتێک بزانە؛ دوا هەڵوێستی بارسێلۆنا لەسەر گواستنەوەی راشفۆرد چییە؟
دێکۆ نهێنییەکان و ئامانجی سەرەکی یانەکە ئاشکرا دەکات
یاریگا –
چیرۆکی جیابوونەوەی مارکوس راشفۆرد و مانچێستەر یونایتد، خەریکە دەبێتە رۆمان و گەیشتن بە کۆتاییەکەی دوادەکەوێت.
دوێنێ سێشەممە رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردبووەوە، راشفۆرد ئامادەیە سازش لەسەر شایستەکانی دارایی خۆی بکات و تەنانەت، مووچەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە، لە پێناو یارییکردن بۆ بارسێۆنا.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکردبوو، سەرەڕای نزیکبوونەوەی چوونە دەرەوەی ئانسو فاتی بە خواستن، قەبارەی مووچەی یاریزانان کەمناکاتەوە و خەریکە کارگێڕی یانەکە کار لەسەر ئامادەکردنی ئۆفەرێک دەکەن.
دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا لەبارەی گواستنەوەی راشفۆرد دەڵێت
خەریکی چارەسەرکردنی کێشەی دارایی خاوێنین، ئێستا لە کۆتای رۆژی گواستنەوەکانداین، ئەگەر بتوانین تیمەکە بەهێز بکەین، ئەوا کاری لەسەر دەکەین، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ شتێکی نوێ نییە.
ئامانجی سەرەکی ئێمە، نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە گرنگەکانە، دواتر دەتوانین سەرنج لەسەر گواستنەوەی یاریزانان دابنێین، بەڵام ئەمە شتێک نییە کە راهێنەر داوای لە ئێمە کردبێت.
کێ دەبێتە شوێنگرەویە راشفۆرد؟
هەفتەی رابردوو، مانچێستەر یونایتد بە فەرمی پرسیاری دۆخی رانداڵ کۆلۆ موانێی لە پاریس سانجێرمان کردووە، ئێستا هەردوولا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن.
لە هاوینی ساڵی 2023دا، موانی زۆر لە مان یونایتد نزیکبوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئێریک تێن هاخ، راهێنەری ئەوکاتەی مان یونایتد، بڕیاری گواستنەوەی راسموس هۆیلووندی دا.
پێدەچێت جارێکی دیکە موانی بەردەستبێت، چونکە لەم وەرزەدا تەنیا لە دوو یاریدا سەرەکی بووە و پاریس ئامادەیە گوێ لە ئۆفەرەکان بگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای سپۆرتس، پاریس دەیەوێت بە یەکجاری دەستبەرداری موانی بێت، یاخود هەرهیچ نەبێت، سەرەتا بە خواستن بێت، بەڵام بڕگەی گواستنەوەی هەمیشەیی لە گرێبەستەکەدا جێگیر بکەن.
مان یونایتد رکابەری هەریەکە لە تۆتنهام، یوڤێنتوس و ئەیسی میلان لەسەر موانی دەکات.
کۆلۆ موانی لە هاوینی ساڵی 2023 بەبڕی 90 ملیۆن یۆرۆ لە ئێنتراخت فڕانکفورتەوە پەیوەندی بە پاریس کرد و گرێبەستێکی تاوەکو ساڵی 2028 لە پاریس واژۆکردووە، بەڵام لەم وەرزەدا بەشدارییەکانی سنووردارن.
کۆلۆ موانی لە ئەڵمانیا، لە کۆی 46 یاریدا 23 گۆڵی کردبوو. بەڵام موانی لە وەرزی یەکەمیدا لە پارک دۆ پرێنس، لە کۆی 26 یاریی لیگ وەندا تەنیا شەش گۆڵی کرد. لەم وەرزەشدا بەشداری لە 14 یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کردووە و تەنیا دوو گۆڵ و ئەسیستێکی هەیە.
موانی لە هاوینی ساڵی 2022 بە گرێبەستێکی خۆڕایی لە نانتی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە فڕانکفورت کرد.
کۆلۆ موانی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا 27 یاریی کردووە و خاوەنی هەشت گۆڵە.