یاریگا –
جارێکیتر مانچێستەر یونایتد هاندەرانی بێهیواکردەوە و گەڕایەوە بۆ سەر ئەنجامە خراپەکانی لە پرێمەرلیگ.
لە هەفتەی 22ی پرێمەرلیگ مان یونایتد میوانداریی برایتنی کرد و یارییەکەشی 1-3 نەورەسەکانی ئینگلتەرا دۆڕاند.
ئەوە هەروا شکستێکی ئاسایی نەبوو بۆ مانچێستەر، بەڵکوو بە جارێکیتر دۆڕانی یانەکە لەنێو یاریگای ئۆڵدترافۆرد، ئاماری خراپی هێنایەوە بەرباس.
بەگوێرەی تۆڕی ئۆپتا بۆ ئامار و مێژوو، یانەکە لە کۆی ئەو 10 شکستەی لەم وەرزەی پرێمەرلیگ نۆشیویەتی، 6 جاریان لە یاریاگای خۆیاندابووە. ئەوەش رووداوێکە لەوەتەی وەرزی 1893-1894 رووینەداوە.
جیا لەوەش، هەر ئەمشەو چەند ریکۆردێکی دیکەی خراپ لەسەر شەیتانە سووەرەکان تۆمارکرا.
یەکەم جاربوو لەوەتەی ساڵی 2003 لە پێنج یاریی لەسەریەک لەنێو یاریگای خۆیاندا لە پرێمەرلیگ یەکەم گۆڵی یارییەکەیان لە دژ تۆماردەکرێت.
ئەوانە و هەروەها بەو 10 شکستەیان دوای تەنها 22 هەفتەی خولەکە، خێراترین ژمارەی دۆڕانە مان یونایتد لەوەتەی 1989-1990 چەشتبێتی کە سێر ئالێکس فێرگسن راهێنەریان بوو.
کوڕانی روبن ئامۆریم کە ئێستا لە ریزبەندی 13ی پرێمەرلیگەوە دەبینرێن، پێنجشەممەی ئەم هەفەتەیەش جارێکیتر لە ئۆڵدترافۆرد یارییان هەیە بەڵام لە میانی یارییەکانی یۆرۆپالیگ و میوانەکەشیان رەنجەرزی سکۆتلەندییە. هەفتەی داهاتوو گەشتی لەندەن دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی فوڵهام لە رکابەرایەتیەکانی خولی ئینگلیزی.