بازاڕی گواستنهوهعێراقگرنگترینیاریگا
مێرکاتۆی زستانە؛ نوێترین دەنگۆکانی گواستنەوەی یاریزانان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق
یاریگا –
رۆژی 5ـی ئەم مانگە دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان کراوەتەوە و تاوەکو رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، تۆڕی وەرزشی یاریگا دوایین دەنگۆیەکانی مێرکاتۆی زستانە بڵاو دەکاتەوە.
- سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی یانەی نەجەف و چەند یاریزانێکی دیکەی یانەکە بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکەیان و دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان، داوای مافی دەستبەرداربوونیان لە یانەکەیان کردووە. چوار مانگە یاریزانەکانی نەجەف مووچەکانیان وەرنەگرتووە.
- یانەی زاخۆ لەسەر هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ژیلوان حەمەد یاریزانی کوردی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بەردەوامە و هەردوولا لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکبوونەتەوە.
- حوسێن جولی گۆڵپارێزی یانەی هەولێر مافی دەستبەرداربوونی بەفەرمی لە یانەکەی وەرگرتووە و ریزەکانی یانەی قەڵاومنارەی بەجێهێشتووە، بەهۆی یەدەکبوونی بڕیارید ریزەکانی یانەی هەولێر بەجێبهێڵێت و لە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی قوە جەوییە نزیکە.
- بەهۆی ئەوەی یانەی دهۆک خاوەنی 7 یاریزانی پیشەگەرە و تاوەکو ئێستا پیتەر گورگیس وەکو یاریزانی پیشەگەر هەژمار دەکرێت و سەرەڕای وەرگرتنی پاسپۆرتی عێراقی، بەڵام هێشتا وەکو یاریزانی خۆماڵی هەژمار نەکراوە، بۆیە دهۆک تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە گرێبەستی سیمۆن شەریف واژۆ بکات.
- محەمەد تائی کە دەنگۆ هەبوو پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی هەولێر بکات، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ویسترن سیدنی ئوسترالییەوە دەکات و لەگەڵ ئەو یانەیە گەیشتووەتە رێککەوتن.
- هیران ئازاد لە رۆیشتنی لە ریزەکانی یانەی قوە جەوییە نزیکبووەتەوە، بەڵام هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان دهۆک و ئەو یاریزانە نییە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ریزەکانی یانەکە، کە هاوینی رابردوو لە دهۆکەوە پەیوەندی بە جەوییە کرد. پەیوەندی نێوان هیران ئازاد و لوئەی سەڵاح ساردی تێکەوتووە و راهێنەرەکە بڕیاریداوە دەستبەرداری بێت، بەڵام بەو مەرجەی بتوانێت لەگەڵ یاریزانێکی دیکە بیگۆڕێتەوە.
- یانەی هەولێر هەوڵی گواستنەوەی رێبین سولاقا بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق و عەمار موحسین هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراقی داوە، بەڵام تا راددەیەکی زۆر هەولێر بە هۆکاری جیاواز لە گواستنەوەی ئەو دوو یاریزانە بێ هیوا بووە، هەولێر بەهۆی بەرزی مووچەکەی لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی رێبین سولاقا دەکشێتەوە، ئەو بەرگریکارەی هەڵبژاردەی عێراق داوای 500 بۆ 600 ملیۆن دینار دەکات، یانەی براگی سویدی رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری عەمار موحسین بێت و یانەی هەولێر لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە کشایەوە.
تایبەت بە یاریگا؛ هەولێر لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی دوو یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق دەکشێتەوە