تایبەت بە یاریگا؛ زەوڕا نرخی دەستبەرداربوونی لە ئیبراهیم غازی دەستنیشان دەکات
سبەی چارەنووسی هێرشبەرە کوردەکە یەکلا دەبێتەوە
یاریگا –
زەوڕا لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە ئیبراهیم غازی داوای 60 ملیۆن دینار دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی زەوڕا دوای ئەوەی بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ ئیبراهیم تۆمیوا هێرشبەری نەیجیریایی پێشووتری نەورۆز واژۆکرد، ئامادەیە بەرامبەر زیاتر لە 60 ملیۆن دینار دەستبەرداری ئیبراهیم غازی هێرشبەرە کوردەکەی یانەکەی بێت.
یاریگا زانیویەتی، سبەی دووشەممە (13ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 2025) چارەنووسی کوڕە باڵەکییەکە لە نێوان مانەوەی لە زەوڕا و رۆیشتنی یەکلا دەبێتەوە، کە یانەکانی نەورۆز، دهۆک، کارەبا و نەفت داوای ئیبراهیم غازییان لە زەوڕا کردووە، کە هاوینی رابردوو لە حدوودەوە پەیوەندی بە ریزەکانی زەوڕا کرد.
کوڕە بالەکییەکە پێشتر لە یانەکانی هەڵۆ و نەورۆز و دهۆک یاریی کردووە و وەرزی رابردوو لە خولی ئەستێڕەکانی عێراق 18 گۆڵی (7 پێناڵتی) بۆ حدوود کرد و لە پلەی سێیەمی گۆڵکاراندا هات.
رۆژی 5ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 2025 دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە عێراق کرایەوە و تاوەکو رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.