
یاریگا –
نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر گەڕمە یاریی دەکات و راهێنەری تیپەکەش دەڵێت دەزانین ئەمڕۆ ئەرکمان ئاسان نیە.
هەینی ( 1ـی ئایاری 2026 ) لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە یاریگای جۆلان کاتژمێر 7:30ـی شەو رووبەڕووی گەڕمە دەبێتەوە، هەر دوو یانە لە سێ یاریی رابردوودا سەرکەوتنیان لە خولەکە تۆمار نەکردووە، لە مێژووشدا سێ یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە و لە هەرسێ یارییدا گەڕمە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
وەلی کەریم، راهێنەری سوورپۆشەکانی سلێمانی باس لە قورسی ئەم یارییە و ئامادەکاری تیپەکەی دەکات:
گەڕمە خاوەن دەستەیەکی باشی راهێنەران و یاریزانی ئاست بەرزن، بۆیە یارییەکە ئاسان نابێت و لە قورسی ئەرکەکەمان تێدەگەین، دەمانەوێ بەهێز دەربکەوین و قەرەبووی خاڵە لەدەست چووەکانی یارییەکانی رابردوو بکەینەوە، یاریزانەکان بەشێوەیەکی باش ئامادەن، ئامانجامان دڵخۆشکردنی هاندەرانە.
دوایین سەرکەوتنی نەورۆز لە 11ـی مانگی نیسان بوو کاتێک 4 _ 1 لە مینای بردەوە، بە کۆکردنەوەی 44 خاڵ نەورۆز لە ریزبەندی نۆیەم دێت و گەڕی داهاتووش میوانداری شوڕتە دەکات، گەڕمە 53 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



